رووداو دیجیتاڵ
رێکخەرانی رێوڕەسمی دەستپێکردنی ئۆڵیمپیادی پاریس داوای لێبوردن دەکەن لە هەر کەسێک کە هەستی بە بێڕێزی کردبێت لەو دیمەنانەی لە ئاهەنگەکەدا پێشاندراون.
لیژنەی سەرپەرشتیاری رێکخەری ئاهەنگی ئۆڵیمپیاد لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا، دەڵێت "داوای لێبوردن دەکەین، بەهۆی ئەو دیمەنەی لە ئاهەنگەکەدا نمایشکراوە کە هاوشێوەی تابلۆی ناسراوی لیۆناردۆ داڤینشی "دوایین ژەمی ئێوارە" بوو لە ئاهەنگەکەدا."
تابلۆکەی داڤینشی وێنای ئەو ساتە دەکات کە پەیامبەر عیسا (د.خ) دوایین ژەمی ئێوارە لەگەڵ هاوەڵەکانی دەخوات.
لە ئاهەنگی دەستپێکی ئۆڵیمپیاددا و لە یەکێک لەو دیمەنانەی لەسەر پردی دیبیلیدا ئەنجامدرا، دیمەنێکی هاوشێوە بینرا و لە ناوەڕاستیدا چالاکوانێکی هاوڕەگەزخواز وەستابوو.
وەستانی چالاکوانێکی هاوڕەگەزخواز و لاساییکردنەوەی ئەو دیمەنە لە ئاهەنگەکەدا، بووە هۆی توڕەبوونی شوێنکەوتووانی ئاینی کریستیان لە جیهان و بە بێڕێزی بە بیر و باوەڕەکانیان لە قەڵەم درا و کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا گوتی "ئەو لە پلانیدا نەبووە بینەری ئاهەنگەکە بێت، بەڵام کە وێنەکانی بینیوە نەیزانیوە باوەڕ بکات یان نا، کە ئەم کارانە بەراستی ئەنجام درابن."
کەنیسەی کاسۆلیکی فەرەنسیش ئەم کارەی بە "دیمەنی سووکایەتی کردن" ناوبرد.
ئەمە جگە لە چەندین کەمپینی بایکۆتکردنی ئۆڵیمپیاد کە لەلایەن هەزاران بەکارهێنەری سۆشیال میدیاوە راگەیەندرا لە چەند رۆژی رابردوودا.
بەڕێوبەری هونەری رێوڕەسمەکە رایدەگەیەنێت، ئەوان بە هیچ شێوەیەک مەبەستیان سووکایەتی کردن نەبووە بە هیچ بیر و باوەڕێک و تەنیا مەبەستیان ئەوە بووە کە رووحی لێبوردەیی لە کۆمەڵگەدا بڵاوبکەنەوە و ئاهەنگی بۆ بگێڕن.
ئەو زیاتر گوتی "ئەگەر سەیری ئەنجامەکان بکەین ئەوە ئێمە ئەو ئامانجەمان پێکاوە، ئەگەر هەر کەسێکیش هەستی بە توڕەیی کردووە لەو دیمەنانە ئەوە ئێمە بە دڵنیاییەوە زۆر داوای لێبوردن دەکەین."
بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییە زۆرانەی بەرامبەر ئاهەنگی دەستپێکردنی ئۆڵیمپیادی پاریس پێشاندران، ئاهەنگەکە لەسەر لاپەرەی فەرمیی ئۆڵیمپیاد لە یوتیووب سڕدرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ