رووداو دیجیتاڵ
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، بڕیاریداوە چوار یاریزانی تیپەکەی بەڕێبکات لە رۆژانی رابردوودا. لە کاتێکدا بابەتی گەڕانەوەی مێسی بووەتە هۆکاری تووڕەبوونی ئەو یاریزانە.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە چاڤی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەکانی لەگەڵ یاریزانان دەستپێدەکات، بۆ دیاریکردنی چارەنووسی یاریزانانی یانەکە و پلاندانان بۆ وەرزی داهاتوو. وەک میدیاکان دەڵێن چاڤی هەواڵی پێویستی رۆیشتن لە یانەکە، بە چوار یاریزان دەدات.
میدیاکانی ئیسپانیا گوتوویانە، یەکێک لەو یاریزانانەی بڕیاری رۆیشتنی لە یانەکە دراوە، ئانسۆ فاتێیە، گەرچی ئەو یاریزانە ویستی خۆی بۆ مانەوە لە تیپەکە راگەیاندووە، بەڵام نەیتوانیوە متمانەی چاڤی بەدەست بهێنێت.
یاریزانێکی دیکەی بەڕێکراو لە تیپەکە، فیران تۆرێسە، ئەو یاریزانە پێشتر لەلایەن چاڤییەوە پشتگیریکراوە، بەڵام دۆخی ئاڵۆزە و هەوڵدەدات سوود لە فرۆشتنی بەرامبەر 20 تاوەکو 25 ملیۆن وەربگرێت، گەرچی بارسا پێشتر بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە بڕی 55 ملیۆن یۆرۆی دا کاتێک لە مانچێستەر سیتییەوە هێنایە ریزەکانی.
یاریزانی سێیەمی لیستی چوارینە بەڕێکراوەکەی چاڤی، فرانک کیسێیە. چاڤی بەنیازە ئەو یاریزانە لەوە ئاگاداربکاتەوە کە پێویستە بڕوات و ئەوەش پەیوەندی بەئاستی ئەوەوە نییە، بەڵکو لەبەر هۆکاری ئابوورییە.
چوارەم یاریزانی دووخراوە لە بارسێلۆنا، پابلۆ تۆرێیە، بەڵام ئەو دۆخێکی تایبەتی هەیە، هەربۆیە کارگێڕیی یانەکە نایەوێت بەیەکجاری دەستبەرداری ببێت، بەڵکو دەیەوێت بەشێوەی خواستن بیداتە یانەیەکی دیکە و دواتر بەدەستی بهێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، لیۆنێل لە هەڵسوکەوتی کارگێڕیی بارسێلۆنا تووڕەبووە، پاشئەوەی بلیتی یارییە دۆستانە و ئامادەسازییەکانی هاوینی ئەمساڵی تیپەکەیان خستووەتە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن.
بەرپرسانی بارسێلۆنا ماوەیەکی زۆرە باس لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی مێسی بۆ یانەکە دەکەن، مێسیش تاوەکو ئێستا گرێبەستی خۆی لەگەڵ سانجێرمان نوێنەکردووەتەوە و چاوەڕێی بارسایە.
میدیاکان دەڵێن، نزیکەکانی مێسی تووڕەبوونی ئەو یاریزانەیان بەبەرپرسانی یانەکە گەیاندووە، پاشئەوەی ئەوان لە بازاڕکردن بۆ یارییەکانی تیپەکە لە هاوینی ئەمساڵدا دوو خۆر بلیتیان خستووەتە روو، بلیتێک کە بەیاریکردنی مێسی لەگەڵ تیپەکەدا بەنرخێکە و بلیتێکی دیکە کە بەبێ مێسی بەنرخێکی دیکەیە.
ئەم هەڵسوکەوتەی بەرپرسانی بارسا، لای مێسی وا لێکدراوەتەوە کە ئەوان تاوەکو ئێستا دڵنیانین لەوەی ئەو یاریزانە دەگێڕنەوە یانەکە.
وەک میدیای ئیسپانیا دەڵێن، بابەتی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا لەسەر رەزامەندبوونی دەستەی لالیگا راوەستاوە کە دەبێ بڕیار لە پلانی ئابووریی بارسا بدات بۆ وەرزی داهاتوو.
سەرچاوەکان دەڵێن لە ئەگەری گەڕانەوەیدا بۆ بارسێلۆنا، مێسی مووچەیەک وەردەگرێت کە تەنیا یەک یۆرۆ لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی زیاترە، ئەمەش بۆ ئەوەی مێسی ببێتەوە خاوەن زۆرترین مووچە لە یانەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ