رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند هەفتەیەک لە وەستانی خولەکە بەهۆی یاریی هەڵبژاردەکان و بەڕێوەچوونی جامی ئینگلتەرا، ئەمشەو رکابەرییەکانی پرێمەرلیگ دەستپێدەکەنەوە و سێ یاری بەڕێوەدەچن.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی 29ـی خولەکەدا، دێربییەکی لەندەنی بەڕێوەدەچێت و یانەی ئارسیناڵی خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی فولهام یاری دەکات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
ئارسیناڵ لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات و بەم یارییە دەچێتە نێو هەفتەیەکی ئاڵۆز پڕ لە رکابەری و لە ماوەی 8 رۆژدا یانەکە سێ یاری ئەنجامدەدات، ئەمشەو بەرامبەر فولهام، رۆژی شەممەی داهاتوو بەرامبەر ئێڤێرتۆن و پاشان سێشەممەی داهاتوو میوانداریی ریال مەدرید دەکات لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا.
میکێل ئارتێتا بۆ یارییەکەی ئەمشەو بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی گابریێل جیسۆس، کای هاڤێرتز، ریکاردۆ کالافیۆری و تاکیهێرۆ و تۆمیاسۆ بێبەش دەبێت.
بەر لەم یارییە ئارسیناڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە بە 58 خاڵ، فولهام لە پلەی پلەی هەشتەم 45 خاڵی هەیە و لە سێ یاریی رابردوودا ئارسیناڵ لە فولهامی نەبردووەتەوە.
لە یارییەکی دیکەی سەرنجڕاکێشدا، یانەی نۆتینگهامی سێیەمی ریزبەندی خولەکە بە ئامانجی درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی مانچێستەر یونایتد یاری دەکات و دەیەوێت لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامبێت.
مانچێستەر یونایتد لە دۆخێکی باشدا نییە و لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، ئەرکیان زەحمەتە و لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یاری دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوی لەوەیە بە ئەنجامێکی باشەوە ئەم یارییە تەواو بکات بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە لە پلەکانی دواوەی ریزبەندی خولەکە دووربکەوێتەوە.
یانەی ولڤەرهامپتۆن لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی وێستهام دەکات، هەردوو یانە رکابەری لەسەر مانەوە لە خولەکەدا دەکەن، وێستهام لە پلەی شازدەیەمە و ولڤەرهامپتۆن حەڤدەیەمە، بەڵام وێستهام 8 خاڵ لە رکابەرەکەیەوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ