رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی قۆناخی کۆتایی پاڵەوانێتیی پایسکیلسواریی عێراق، لە شاری کەربەلا بەڕێوەچوو، یانەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی کوڕان و کچان پلەکانی پێشەنگیان بەدەستهێنا.
وەرزی ئەمساڵ یەکێتیی پایسکیلسواریی عێراق کێبرکێکەی بە بەشداری 25 یانە بەشێوازی 3 قۆناخ بەڕێوەبرد، لە قۆناخی کۆتاییدا لەسەر ئاستی پێشکەوتووان یانەی سناعە پارێزگاری لە نازناوی دوو وەرزی رابردووی کرد و ئەمجارەش نازناوەکەی بەرزکردەوە، یانەی هەولێریش لە پلەی دووەم هات.
لەسەر ئاستی کچان، یانەی نەورۆز درێژەی دا بە ئاست و ئەنجامە باشەکانی و نازناوێکی دیکەی بۆ نێو هەگبەی دەستکەوتەکانی زیادکرد، هەریەک لە یانەکانی ئافرەتانی هەولێر و برایەتی لە پلەکانی دووەم و سێیەم هاتن.
لەسەر ئاستی لاوانیش یانەی سناعە جارێکی دیکە پلەی یەکەمی وەرگرت و یانەی حەدبا پلەی دووەمی بردەوە، یانەی کارەبا لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان جامەکەی بردەوە و یانەی شەباب موستەقبەل لە پلەی دووەم هات.
مەحموود عەزیز، سەرۆکی یەکێتیی پایسکیلسواریی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئەمساڵ کێبرکێکان لە ئاستێکی مامناوەندا بوو بە بەراورد بە وەرزەکانی پێشوو، سەرەتای مانگی داهاتوو لە شاری بەغدا کۆبوونەوەی دەستەی گشتی دەکەین و پلانی یارییەکانی ساڵی داهاتوو دادەڕێژین".
بڕیارە هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق مانگی ئازاری ئەمساڵ بەشداری پاڵەوانێتیی وڵاتانی ئاسیا لە تاجیکستان بکات، باشترین کوڕ و کچە یاریزانی پاڵەوانێتیی عێراق راستەوخۆ بۆ هەڵبژاردەکە دەستنیشانکران و بڕیارە ئامادەکاریی تیپەکە مانگی داهاتوو دەستپێبکات.
داهات کاوە، کچە یاریزانی تیپی پایسکیلسواریی یانەی برایەتی، کە ئاستێکی بەرزی نمایشکرد لە کێبرکێکاندا، روونیکردەوە "دوو ساڵە بەشێوەیەکی بەردەوام و بێ دابڕان راهێنان دەکەم، دڵخۆشم کە ئەنجامێکی باشم هەبوو، من خەون بە میدالیای زێڕی پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا دەبینم".
ئەوەی جێگای سەرنج بوو 3 یاریزانی حاجیاوا لەگەڵ یانەی جیهان بەشداری پاڵەوانێتییەکەیان کردبوو، توانیان ئاستێکی باش پێشکەش بکەن کە ئەنجامەکانیان بەمشێوەیە بوو:
محەممەد عەلی خەڵاتی باشترین یاریزانی بردەوە، هەریەک لە عەزیز سدیق و هەڵمەت سدیق پلەی سێیەمیان وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ