ئێمباپێ، پاریس سانجێرمان دەباتە دادگا

28-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پرسی نەدانی پاداشتە داراییەکانی کیلیان ئێمباپێ لەلایەن پاریس سانجێرمان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و لیژنەی یاسایی خولی فەرەنساش لێکۆڵینەوە لە پرسەکە دەکات.
 
لیژنەی یاسایی سەر بە دەستەی بەڕێوەبردنی خولی تۆپی پێی فەرەنسا ئەم هەفتەیە کۆدەبێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسێیەی نێوان کیلیان ئێمباپێ و پاریس سانجێرمان، لەسەر ئەو بڕە پارەیەی کە یانەکە لە دوایین سێ مانگی گرێبەستی نێوانیان نەیداوەتەوە یاریزانەکە.
 
لیژنەکە بڕیارییداوە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات کە گوایە پاریس سانجێرمان 55 ملیۆن یۆرۆی کیلیان ئێمباپێی نەداوە.
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە لە ماوەی رابردوودا لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە سکاڵای لە دژی یانەی پاریس سانجێرمان تۆمارکردووە و داوای گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی دەکات، سکاڵایەکەی گەیشتووەتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپاش.
 
لەگەڵ ئەوەی یاریزانەکە سکاڵای کردووە، پاریس سانجێرمان رەتیدەکاتەوە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو پرسەوە بۆ بچێت، دەستەی بەڕێوەبردنی خولی فەرەنساش دەیەوێت بگاتە راستی چیرۆکەکە.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی، لیژنەکە لێکۆڵینەوە لە چەندین بەڵگەی جیاواز دەکات و دەیخاتە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە.
 
کیلیان ئێمباپێ، لەم هاوینەدا دوای 7 ساڵ یارییکردن لە پاریس سانجێرمان، ریزەکانی ئەو یانەیەی بەجێهێشت و بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندیی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە