زیدانەکەی عێراق گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر واژۆ کرد

28-06-2022
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-
یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی لە سایتی فەرمی تایبەت بە یانەکە، درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستی یاریزانی بەهرەمەندی عێراقی زیدان ئیقبالی راگەیاند
 
ئیقبال رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد دەربڕی، کە تاوەکو هاوینی 2025 لە یانە ئینگلیزییەکە بەردەوام بێت، هەروەها دەتوانێت بۆ ساڵێکی دیکەش، واتە تاوەکو 2026 ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە درێژ بکاتەوە.
 
زیدان لە توێتەر سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر نووسیویەتی: "زۆر دڵخۆشم بە درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستەکەم لەگەڵ ئەم یانە نایابە، بۆیە سوپاسی خودا دەکەم".
 
بەهرەمەندە عێراقییەکە لە شاری مانچێستەر لەدایکبووە، باوکی بە رەگەز پاکستانییە و دایکیشی عێراقییە. ئەم ئەستێرە لاوە بڕیاریدا بۆ هەڵبژاردەی عێراقی زێدی دایکی یاری بکات. زیدان ئیقبال لەنێوان بەریتانیای شوێنی لەدایکبوونی، عێراقی وڵاتی یەکەمی دایک و پاکستانی وڵاتی یەکەمی باوکی، ئەوەی یەکەمی هەڵبژارد و بڕیاریدا بۆ هەڵبژاردەی عێراق یاری بکات.
 
لە ئایاری 2021 بڕیاریدا بۆ هەڵبژاردەی عێراق یاری بکات، لە هەمان مانگ وڵاتینامەی عێراقی پێبەخشرا، ساڵی 2021 بانگهێشتی کەمپی هەڵبژاردەی عێراق بۆ خوار تەمەن 20 ساڵان کرا، بۆ ئەوەی باشداری لە جامی عەرەب بكات، بەڵام ئیدارەی مانچێستەر رێگەی نەدا ئزیدان گەشت بکات، بەهۆی تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا. 
 
لە کانوونی یەکەمی 2021، بۆ یەکەمجار بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراقی خوار تەمەن 23 ساڵان بانگهێشت کرا، یەکەم بەشداریکردنی لە 4ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ بوو، کاتێک هەڵبژاردەی عێراق بۆ خوار تەمەن 23 ساڵان رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیمارات بووەوە.
 
لە 8ی تشرینی یەکەمی 2021، یەکەم گۆڵی بەدرێسی هەڵبژاردەی عێراقی خوار تەمەن 23 ساڵان تۆمار کرد، پاشان هێمای کاپتنی هەڵبژاردەکەی لە پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیای خوار تەمەن 23ساڵان لە قۆڵ کرا. 
 
ئەم بەهرەمەندە تەمەن 19 ساڵانە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، لە پاڵاوتنەکانی گەییشتن بە مۆندیالی 2022ی قەتەر بەشداری دوو یاری هەڵبژاردەی عێراقی کردووە، کاتێک لە مانگی 1ی ئەمساڵ لە یاری هەڵبژاردەی عێراق و لوبنان 13 خولەک بەشداری کرد، هەر لە پاڵاوتنەکان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران بۆ ماوەی 9 خولەک بەدرێسی هەڵبژاردەی عێراق بەشداری پاڵاوتنەکانی کرد.
 
زیدان ئیقبالی تەمەن 19ساڵان لە هێڵی ناوەند یاری دەکات، لە تەمەنی 9 ساڵی پەیوەندی بە ئەکادیمیای مانچێستەرەوە کردووە، یەکەمین دەرکەوتنی لەگەڵ تیپی پێشکەوتووانی یانەکە لە تشرینی یەکەمی 2021 بوو کاتێک بەرامبەر یۆنگ بۆیس ی سویسری لە چامپیۆنزلیگ بەشداری کرد کە ئەو یارییە لە یاریگەی ئۆڵدترافۆرد بەڕێوەچوو. 
 
زیدان ئیقبال وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد بۆ خوار تەمەن 23 ساڵان  لە پرێمەرلیگ 2 لە 18 یاری بەشداری کردووە و توانیویەتی 2 گۆڵ تحمار بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە