"بارسێلۆنا بە یەکلاییکردنەوەی گرێبەستی مێسی گەشبینە"

28-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بەردەوامە لە ورووژاندنی مشتومڕ لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا، بەهۆی رووننەبوونەوەی هەڵوێستی کۆتایی سەبارەت بە داهاتووی.
 
ماوەی گرێبەستەکەی مێسی لەگەڵ سانجێرمان لە مانگی داهاتوودا کۆتایی دێت، کە بەپێی زۆر لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، لیۆ نزیکە لە رۆیشتن بۆ شوێنێکی نوێ.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، دیارکەوتنی چارەنووسی مێسی نزیکبووەتەوە، بەو پێیەی یانە کەتەلۆنییەکە تا راددەیەک گەشبینە بۆ یەکلاییکردنەوەی گرێبەستی مێسی.
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دانوستاندنەکانی نێوان بارسێلۆنا و مێسی لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوودا بە سەرکردایەتی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە دەستیپێکردووە و هەردوولا لەسەر مەرجەکانی ئەو مووچەیە رێککەوتوون کە یاریزانەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ وەریدەگرێت، ئەمە جگە لەوەی رێککەوتن لەسەر مافەکانی بازاڕکردنیش کراوە.
 
ئەو روونیشیکردەوە کە بارسێلۆنا هێشتا چاوەڕێی رەزامەندی کۆتایی پلانە ئابوورییەکەیە لە خولی ئیسپانیا، بەڵام کاتێک پرسیار لە سەرچاوە نزیکەکانی مێسی کرا سەبارەت بە دانوستاندنەکان، ئەوان دووپاتیانکردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی نووسراو و جدییان پێنەگەیشتووە.
 
بەپێچەوانەوە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی بارسێلۆنا بۆ مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ پشتڕاستیان کردووەتەوە کە مێسی و باوکی ئەو بنەمانە دەزانن کە دەستەوارەی فەرمی بارسێلۆنا لەسەریان پێشکێشکراوە.
 
ئاشکراشیکرد، بارسێلۆنا بەنیازە مووچەیەک بە بڕی یەک ملیۆن یۆرۆ زیاتر لەو مووچەیەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بەدەستی دەهێنێت بە مێسی بدات، بۆ ئەوەی لیۆ لە سەرووی لیستی مووچەی یانەکەوە بمێنێتەوە.
 
هەروەها دەشڵێت "بارسێلۆنا ناتوانێت لەوە زیاتر بجوڵێت لە گرێبەستی مێسیدا تاوەکو پەسەندکردنی پلانەکەی لەلایەن خولی ئیسپانیاوە پشتڕاست نەکرێتەوە، کە لەوانەیە هەفتەی داهاتوو بێت، یان لە درەنگترین کاتدا بگاتە دوو هەفتە".
 
دوێنێ شەو لیۆنێل مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بووە پاڵەوانی خولی فەرەنسا، کە پێشتر بڕیاریدابوو تاوەکو نازناوی لیگ وەنی فەرەنسی یەکلایی نەبێتەوە، هیچ شتێک لەسەر داهاتووی نەدرکێنێت، بەڵام لەمڕۆ بەدواوە چاوەڕوانکراوە لە هەر ساتێکدا مێسی و خۆرخێی باوکی، کە بەڕێوەبەری کارەکانییە، دهاتووی لیۆ ئاشکرا بکەن، کە هێشتا لای کەس روون نییە مێسی و خۆرخێ چ بڕیارێک دەدەن، تاکە بڕیار کە هەندێک روونە ئەوەیە کە مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەردەوام نابێت و لە پاریس دەڕوات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە