ڤیدیۆ؛ زاخۆ بۆ دووبارەکردنەوەی سیناریۆی وەرزی رابردوو رووبەڕووی قوە جەوییە دەبێتەوە

27-12-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
خولی عێراق
خولی عێراق
نیشانەکردن خولی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە درێژەی رکابەرییەکانی گەڕی پازدەی خولی یانە نایابەکانی عێراقدا، یانەی زاخۆ لە یاریی لووتکەدا میوانداریی یانەی قوە جەوییە دەکات.
 
یارییەکە کاژێر 14:00 لەسەر یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ بەڕێوەدەچێت، خاوەن یاریگە ئامادەکارییەکی باشی کردووە، بۆ ئەوەی سیناریۆی وەرزی رابردوو بەرامبەر یانەی جەوییە دووبارەبکاتەوە، کە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یاریگەی خۆیدا لەو یانەیەی بردبووە.
 
یانەی قوە جەوییە بەر لەم یارییە لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 31 خاڵ، یانەی زاخۆ خاوەنی 23 خاڵە و لە پلەی شەشەمە، بەبردنەوەی یارییەکە زاخۆ هەنگاوێک دێتە پێشەوە و دەچێتە پلەی پێنجەمی ریزبەند.
 
بۆ پاڵپشتیکردنی یاریزانان رۆژێک بەر لە ئەنجامدانی یارییەکە مووچەی سەرجەم یاریزانانی یانەکە دراوە و هاندەرانی یانەکەش ئامادەکارییەکی باشیان کردووە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ یاریگە پڕبکەن لە هاندەر بۆ هاندانی یانەکەیان.
 
یانەی زاخۆ و قوە جەوییە 21 جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، زاخۆ 6 جار بەرامبەر یانەکەی بەغدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 10 جار دۆڕاوە، 5 یاریی نێوان هەردوو یانەش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 
لە رکابەرییەکانی نێوان هەردوولادا، زاخۆ 17 گۆڵی تۆمارکردووە و 33 گۆڵ لەلایەن یاریزانانی جەوییەوە تۆمارکراون.
 
لەم وەرزەی خولەکەدا، هەردوو یانە 14 یارییان ئەنجامداوە، زاخۆ 6 بردنەوە، 5 یەکسانبوون، 3 دۆڕانی هەیە، 15 گۆڵی تۆمارکردووە و 9 گۆڵی لێکراوە، ئێستا یانەکە 23 خاڵی هەیە و پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.
 
هەرچی یانەی جەوییە، 31 خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی عێراقە، لەم وەرزەدا 10 یاریی بردووەتەوە، 1 جار یەکسانبووە و 3 جار دۆڕاوە، یانەکە 20 گۆڵی تۆمارکردووە و 8 گۆڵی لێکراوە.
 
جگە لە دوو یاریی وەرزی رابردووی خولی عێراق، کە لە یارییەکدا زاخۆ بردییەوە و یارییەکەی دیکەش لە بەرژەوەندی جەوییە کۆتاییهات، هەردوو یانە لە قۆناخی هەشتی جامی عێراقدا رووبەڕووی یەکبوونەوە، قوە جەوییە بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە 5-3 بردنەوەی تۆمارکرد و پاشانیش بووە پاڵەوانی جامی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە