رووداو دیجیتاڵ
لەژێر چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگای ئیسپانیا رێککەوتنێکیان واژۆکرد.
رێککەوتنە لەنێوان هەریەکە لە عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا واژۆکرا و بەپێی ئەو رێککەوتنە لە وەرزی داهاتووەوە، لالیگا سەرپەرشتی خولی پیشەگەرانی عێراق دەکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا دووپاتیکردەوە کە ئەم رێککەوتنە گرنگییەکی زۆری هەیە و ستایشی ئامادەبوونی لالیگاشی کرد بۆ ئەنجامدانی ئەو رێککەوتنە.
محەممەد شیاع سوودانی دووپاتیدەکاتەوە کە پێویستە لە هەموو لە هەموو وەرزشەکاندا پشت بە کاری پیشەگەرانە ببەستن نەک تەنیا لە تۆپی پێدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرۆشی حکومەت بۆ پەرەپێدانی وەرزشی عێراق لە سەرجەم دامودەزگاکانیدا.
عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق گوتی "واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە بۆ دوو ئامانجە، یەکێکیان پەرەپێدانە توانای لاوان لە وڵاتەکەدا و ئەوەی دیکەشیان سەرپەرشتیکردنی خولی پیشەگەرانی عێراقە."
لەلایەن خۆیەوە خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا دەڵێت "هەموو لایەک هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە بەسەرکەوتوویی جێبەجێبکرێت و کارەکە بەتەنیا خۆی لە تۆپی پێدا نابینێتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆکارێک بۆ هاوکاریی دیکە و بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزشی عێراقیش."
واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە لەنێوان عێراق و ئیسپانیا لەکاتێکدایە خیسۆس کاساس، راهێنەری ئیسپانی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق دەکات و لە ماوەی رابردوودا، چەندجارێک هەڵبژاردە جیاوازەکانی عێراق بۆ کەمپی راهێنان و یاریی دۆستانە چوونە ئیسپانیا، ئەم مانگەش هەر لەو وڵاتە هەڵبژاردەی عێراق یارییەکی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا ئەنجامدەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ