ڤان دایك: مێسی له‌ رۆناڵدۆ باشتره‌

26-12-2019
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤان دایک رۆناڵدۆ مێسی
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

له‌ نوێترین هه‌ڤپه‌یڤیندا، ڤیرجیل ڤان دایكی به‌رگریكاری هۆڵه‌ندی و باشترین یاریزانی ئه‌وروپا، وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك به‌ كورتی ده‌داته‌وه‌، كه‌ رای له‌باره‌ی چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی تۆپی پێ وه‌رگیراوه‌:

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی له‌نێوان محه‌ممه‌د سه‌ڵاح و سادیۆ مانێی هاوڕێیدا كامیان هه‌ڵده‌بژێری؟ ڤان دایك گوتی "ئه‌وه‌ پرسیارێكی زۆر زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناچارم بكه‌ن مانێ هه‌ڵده‌بژێرم، چونكه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و یارییم كردووه‌".

سه‌باره‌ت به‌ یۆرگن كلۆپی راهێنه‌ریشی، ڤان دایك گوتی "ئه‌و راهێنه‌رێكی گه‌وره‌ و قسه‌ خۆشه‌، یه‌كێكه‌ له‌ باشترین راهێنه‌رانی جیهان".

ئینجا پرسیاری ئه‌وه‌ له‌ یاریزانی هۆڵه‌ندی كرا كه‌ كامیانت پێباشتره‌؟ لیۆنێل مێسی یان كریستیانۆ رۆناڵدۆ؟ ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا گوتی "هه‌ردووكیان ئه‌فسانه‌ن، به‌ڵام به‌لای منه‌وه‌ مێسی باشتره‌، پێموایه‌ مێسی ته‌واوترین و بێ كه‌موكوڕیترین یاریزانی جیهانه‌".

له‌باره‌ی ئه‌و هێرشبه‌ره‌ی كه‌ پێیوایه‌ زه‌حممه‌ترین و مه‌ترسیدارترین هێرشبه‌ر بووه‌ رووبه‌ڕووی بووبێته‌وه‌، ڤان دایك به‌خێرایی گوتی "سێرخیۆ ئەگوێرۆ". هه‌روه‌ها له‌باره‌ی باشترین تیپیش كه‌ رووبه‌ڕووی بووبێته‌وه‌، ئه‌ستێره‌ی هۆڵه‌ندی گوتی "مانچێسته‌ر سیتی".

له‌و هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا پرسیارێكیش له‌باره‌ی باشترین به‌رگریكاری ئێستای جیهانی لێكرا؟ كه‌ ڤان دایك له‌ وه‌ڵامدا گوتی "كۆلیبالی". كاتێكیش لێیانپرسی ئه‌ی رامۆس و ڤاران؟ ئه‌و گوتی "كۆلیبالی له‌و دووانه‌ باشتره‌".

له‌باره‌ی هه‌ردوو هاوڕێیه‌كه‌یشی، دی یۆنگ و دیلێخت؟ ڤان دایك گوتی "دیلێخت ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ باشترین به‌رگریكارانی مێژوو، دی یۆنگیش به‌لای كه‌مه‌وه‌ له‌ كاروانی وه‌رزشیی خۆیدا دووجار ده‌بێته‌ به‌ربژێری بردنه‌وه‌ی باڵۆن دۆر.

سه‌باره‌ت به‌خۆیشی كه‌ ئایا خۆی پێ به‌رگریكارێكی چۆنه‌؟ ڤان دایك گوتی "وابزانم باشم، به‌ڵام هێشتا ته‌مه‌نه‌م 28 ساڵانه‌ و پێموایه‌ ده‌توانم كاری باشتر بكه‌م".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە