هەموو شتێک لەبارەی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ و خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا

26-08-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن تیروپشکی چامپیۆنزلیگ باشترین یاریزانی ئەوروپا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە شاری ئیستنەبووڵی تورکیا تیروپشکی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بۆ وەرزی 2021 - 2022 رادەکێشرێت، لەگەڵ تیروپشکەکەشدا خەڵاتی باشترینەکانی ئەوروپاش پێشکێشدەکرێت.

بە بەشداری 32 یانە، لە کاژێر 7ـی ئێوارە لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی باشترینەکانی ئەوروپا لەگەڵ باشترینەکانی چامپیۆنزلیگ، هاوکات تیروپشکی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگیش رادەکێشرێت.

بەپێی پێشبینییەکان کۆمەڵەی بەهێز و ئاگرین دەبینین، دوای ئەوەی چەند یانەیەکی گەورە کەوتنە ئاستی دووەمی تیروپشکەکەوە، کە خۆیان لە چوار ئاست پێکدێن، پاڵەوانی خولە گەورەکان، لەگەڵ پاڵەوانانی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ لە ئاستی یەکەمدا دەبن، واتا سەرۆکی هەر هەشت کۆمەڵەکە دەبن.

هەمووان چاویان لەسەر یانەی پاریس سانجێرمان دەبێت کە لەم هاوینەدا شۆڕشێکی لە بازاڕی گواستنەوەدا کردووە، ئەوان بە مێسییەوە چاوەڕێی کۆمەڵەیەکی قورس دەکەن، بۆ نموونە ئەگەری هەیە لەگەڵ مان سیتی، بۆرووسیا دۆرتموند و میلان بکەونە یەک کۆمەڵەوە.

بەپێی یاسا جێگیرەکانی یۆفا، هیچ یانەیەکی یەک وڵات ناکەونە نێو یەک کۆمەڵەوە، هەروەک چۆن تیپەکانی یەک ئاست بەر یەکدی ناکەون، واتا پاریس بەرامبەر بە ریال مەدرید، بارسێلۆنا و یوڤێنتوس یاری ناکات.

لە تیروپشکەکەدا یەکەمجارە پێنچ یانەی ئیسپانی بەشدارن، دوای ئەوەی ڤیاریال بووە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، گەڕانەوەی میلانی ئیتاڵیش رووداوێکی گرنگە بۆ هاندەرانی ئەو یانەیە، 
یانەی شێریف تراسپۆلی مۆڵدۆڤی یەکەمجارە بەشداری لە خولەکەدا دەکات.

هەر ئەمشەو خەڵاتی باشترینەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای وەرزی رابردوو پێشکێشدەکرێت، کۆرتوا، مێندی و ئێدێرسۆن پاڵێوراوی باشترین گۆڵپارێزن، ئازپیلیکوێتا، روبن دیاز، رودیگێر بۆ باشترین بەرگریکەر پاڵێوراون، کانتێ، دیبرۆین و جۆرجینیۆ لە ناوەڕاست شەڕی بردنەوەی خەڵاتەکە دەکەن، بۆ هێرشبەرانیش، ئێمباپێ، لیڤاندۆڤسکی و هالاند بەربژێری بردنەوەی خەڵاتی باشترین هێرشبەرن.

هەر لە رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆدا خەڵاتی باشترینەکانی ئەوروپا بۆ ساڵی 2021 دابەشدەکرێت، تۆماس تۆخێل، رۆبێرتۆ مانچینی و پێپ گواردیۆلا بەربژێری باشترین راهێنەرن.

بەڵام رکابەرییە گەورەکە لەسەر باشترین یاریزانە، جۆرجینیۆ و کانتێ لە چێڵسی، هەڤڕکی لەگەڵ دیبرۆینی مان سیتی دەکەن.

سێ کچە یاریزانی بارسێلۆناش شەڕی بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئافرەت دەکەن، جێنیفێر هێرمۆسۆ و ئالێکسیا پوتێیاسی ئیسپانی لەگەڵ لێکی مارتینیزی هۆڵەندی.

لەسەر ئاستی راهێنەرانی ئافرەتانیشدا، یویس کۆرتێسی راهێنەری بارسێلۆنا و خاوەنی چامپیۆنزلیگ، لەگەڵ پیتەر جێرهاردسۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی سوێد، ئێما هاییسی راهێنەری یانەی چێڵسی بەربژێرن بۆ باشترین راهێنەری ئافرەتان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە