رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاریدا، هەڵبژاردەی رووسیا میوانداریی هەڵبژاردەی عێراق دەکات.
یارییەکە کاژێر 18:00 بەکاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی زێنت ئارێنا لە سانپێترسبۆرگ بەڕێوەدەچێت، رووسیا دوای هێرشکردنی سوپاکەی بۆ سەر ئۆکراینا ئەمە دووەم یاریی نێودەوڵەتییە ئەنجامیدەدات، دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ ئێران یارییکرد و هەردوولا بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.
هەڵبژاردەی عێراق دوو رۆژە لە رووسیایە، رۆژی شەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و بەتەواوی پێکهاتەکەیەوە بۆ یارییەکە ئامادەیە، بەڵام سێ یاریزانی هەڵبژاردەکە کە لە ئەوروپا یاریی دەکەن، بەهۆی ئەوەی وڵاتەکانیان رێگە نادەن بچنە رووسیا بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، ئەوانیش هەریەکە لە ئالای فازل، یاریزانی یانەی یۆتۆبۆری سوێدی، ئەمیر عەماری، یاریزانی یانەی هالمشتادی سوێدی و کیڤن یەعقووب، یاریزانی یانەی ئارهۆسی دانیمارکین.
یانەی یۆتۆبۆری سوێدی پاڵپشتیی ئالای فازل و ئەمیر عەماری دەکات کە نەچوونەتە رووسیا لەکاتێکدا لە ماوەی رابردوودا حکومەتی سوێد کاری بۆ دوورخستنەوەی وەرزشوانە رووسییەکان کردووە و رێگەی نەداوە وەرزشوانەکانی رووبەڕووی ئەو وڵاتە ببنەوە.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق، هەریەکە لە ئاسۆ رۆستەم، ئۆسامە رەشید و مێرخاس دۆسکی کە سێ یاریزانی کوردن بۆ یارییەکەم ئەم ئێوارەیە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ