پیکێ: رامۆس و لۆپیتیگێ دەیانویست بەزۆر ناچارم بکەن داوای لێبوردن بکەم

25-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جیرارد پیکێ هەڵبژاردی ئیسپانیا سێرجیۆ رامۆس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جیرارد پیکێ، بەرگریکەری پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنا، ئاشکرایکردووە لە کاتی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا لە ساڵی 2017 رووبەڕووی گوشاری زۆر بووەتەوە.
 
پیکێ دەڵێ جولین لۆپیتیگێ و سێرجیۆ رامۆس بەتایبەت بەهۆی ئەو بابەتە بانگیانکردم و گوتیان دەبێ داوای لێبوردن لە هاندەرانی ئیسپانیا بکەیت.
 
ساڵی 2017، هەرێمی کەتەلۆنیا گشتپرسی بۆ جیابوونەوە لە ئیسپانیا ئەنجامدا. ئەستێرە کەتەلۆنییەکان، لە نێویاندا جیرارد پیکێ، کارلیس پیۆل و پێپ گواردیۆلا بەشدارییان لە هاندانی خەڵک بۆ دەنگدان بۆ جیابوونەوە لە ئیسپانیا کرد و پیکێ ئەوکات بەڤیدیۆیەک داوای لە خەڵک کرد دەنگبدەن بۆ جیابوونەوە لە ئیسپانیا.
 
ئەگەرچی کەتەلۆنییەکان بەزۆرینەی دەنگ داوای جیابوونەوە لە ئیسپانیایان کرد، بەڵام جیابوونەوەکە نەبووە یاسایی و سەرکردە سیاسییەکانی کەتەلۆنیا رووبەڕووی سزادانی تووندی حکومەتی ئیسپانیا بوونەوە.
 
ئەوکات پیکێ، لە ڤیدیۆی پشتگیریی بۆ سەربەخۆییەکە گوتی، "با بەئاشتییانە گوزارشت لەخۆمان بکەین، بەدەنگی بەرز و روون".
 
ڤیدیۆکەی پیکێ، کاردانەوەی تووندی لە نێو هاندەرانی ئیسپانیا بەدوای خۆیدا هێنا، هەندێک ئەو کارەیان بەناپاکی لە نیشتمانەکەیان ناوبرد، بەتایبەت کە ئەوکات پیکێ هێشتا یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بوو.
 
پیکێ لە نوێترین لێدواندا لەبارەی رۆژانی گشتپرسیی هەرێمی کەتەلۆنیاوە دەڵێ، "ئەوکات لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا چوومە مەدرید، بەلامەوە سەیربوو کە دەستبەجێ لۆپیتیگێی راهێنەر و سێرجیۆ رامۆسی کاپتن بەتایبەت بانگیانکردم و داوایان لێکردم بەئاشکرا داوای لێبوردن بکەم. تەنانەت لۆپیتیگێ لەسەر پارچە کاخەزێک، بۆی نوسیبوون لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا چۆن داوای لێبوردن بکەم".
 
پیکێ دەڵێ، بەداواکارییەکەی ئەوان رازی نەبووم، بەڵام "کاخەزەکەم لە لۆپیتیگێ وەرگرت، چوومە ژوورێکی دیکە و تەماشایەکی کاخەزەکەم کرد و فڕێمدایە نێو تەنەکەی خۆڵەکەوە".
 
پێکی هەستی بەگوشاری زۆر کردووە، وەکئەوەی خۆی باسیدەکات، دەڵێ، "دواتر لە ژوورەکە چوومە دەرەوە، گوتم ئەگەر ناچاربم کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی ببەستم، ئەو قسانە دەکەم کە خۆم دەمەوێت، باسی ئەو شتە دەکەم کە بڕوام پێیەتی، نەک ئەوەی ئێوە دەیڵێن".
 
بەرگریکەرەکەی پێشووی ئیسپانیا کە لەگەڵ هەڵبژاردەکە نازناوی مۆندیالی 2010ی بەدەستهێناوە، زیاتر دەڵێ، "پێگوتن داوای لێبوردن ناکەم لەسەر بۆچوونەکانم، دڵنیابن لەوەی کە ئەوە ناکەم کە ئێوە دەیڵێن".
 
وەک ئەو یاریزانە گوتویەتی، لەدوای ئەو رووداوەوە هەرچەندە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەردەکەوتم، هاندەران فیکەیان لەدژ لێدەدام.
 
پیکێ دەڵێ، "ئەو خەڵکەی نەیەوێت لێم تێبگات، ناتوانێ لێم تێبگات، بەڵام من ئەوکات بۆ هەمووانم روونکردەوە و گوتم لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوورکەوتمەوە، چونکە هەستمکرد ئیدی کاتی ئەوە هاتووە و لێی پەشیمان نیم".
 
پیکێ ئەگەرچی دەرچووی ئەکادیمیای یانەی بارسێلۆنا بوو، بەڵام لە 2004 تاوەکو 2006 لە مانچێستەر یونایتد یارییکردووە و پاشان بۆ ماوەی دوو ساڵ لە یانەی ریال زاراگۆزا بووە، بەرلەوەی لە 2008 بگەڕێتەوە بارسێلۆنا و تا کۆتایی کاروانی یاریکردنی، لەو یانەیە بەردەوام بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە