یەکەم وەرزشوان لە ئۆڵۆمپیادی پاریس دەرکرا

25-07-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینا یۆسکو ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینا یۆسکو، خانمە وەرزشکاری رۆمانی لە یاریی بازدانی دوور، بووە یەکەم وەرزشوان کە بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 دووربخرێتەوە، بەهۆی بەکارهێنانی ماددە وزەبەخشە قەدەخەکراوەکان.
 
یۆسکوی خانمە وەرزشوانی رۆمانی، دوای چەندین مانگ ئامادەکاری، ناتوانێت بەشداری لە ئۆڵۆمپیادی هاوینەی پاریسدا بکات، دوای ئەوەی شەوی رابردوو دادگای ناوبژیوانی وەرزشیی بڕیاری سڕکردنی دا، بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی وزەبەخشی قەدەخەکراو.
 
ئەم بڕیارەی دادگای ناوبژیوانی وەرزشی، دوای ئەوە هات کە ئاژانسی جیهانی بۆ بەگژداچوونەی ماددە وزەبەخشە قەدەخەکراوەکان تانەی لە بڕیارێک دابوو، کە پێشتر لە رۆمانیا لەسەر ئەو خانمە وەرزشوانە درابوو، و بێ گوناح لە قەڵەم درابوو.
 
دوای ئەوەی پشکنینەکان دەریانخست کە خانمە وەرزشوانەکە رێساکانی ماددەی وزەبەخشی پێشێڵکردووە و لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا لە پشکنینەکاندا شکستی هێنا، ئاژانسی رۆمانیا بۆ بەگژداچوونەی ماددە وزەبەخشە قەدەخەکراوەکان تەنیا هۆشداری دایە خانمە وەرزشوانەکە، بەبێ ئەوەی هیچ سزایەک بەسەریدا بسەپێنێت، بەپاساوی ئەوەی هیچ هەڵە و کەمتەرخەمییەکی نەکردووە.
 
بەڵام ئاژانسی جیهانی بۆ بەگژداچوونەی ماددە وزەبەخشە قەدەخەکراوەکان، تانەیەکی لە دادگای ناوبژیوانی وەرزشییەوە پێگەیشت و دوای لێکۆلینەوە دەرکەوت کە خانمە وەرزشوانە رۆمانییەکە هیچ پاساوێکی نییە و ئەوەی دەگووترێت "هیچ هەڵەیەک یان کەمتەرخەمییەکی گەورەی ئەنجام نەداوە" راست نییە، بۆیە بڕیاری دا  فلۆرێنتینا یۆسکو دوو ساڵ سڕ بکرێت.
 
بڕیاری سڕکردنی ئەو خانمە وەرزشوانە رۆمانییە، لە یەکەم رۆژی شوباتی 2024ـەوە دەستپێدەکات، واتا ناتوانێت بەشداری لە ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024ـدا بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە