بارسا قاچێکی خستە چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگ و پاریسیش هەنگاوێکی ماوە

10-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ بارسێلۆنا پاریس سانجیرمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی هەنگاوێکی گەورە لە گەیشتن بەقۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ نزیکبووەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی بەدەستهێنا.
 
یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ لەنێوان هەردوو یانە لە یاریگەی مونچویک بەڕێوەچوو، بارسێلۆنا ئاستێکی نموونەیی پێشکێشکرد و یارییەکەی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
 
دوای 25 خولەک یارییکردن رافینیا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بارسا تۆمارکرد و بلاوگرانا پێشکەوت، لە خولەکی 48 رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی تۆڕی گۆڵی یانەی پێشووی هەژاند و بارسای کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
 
لە خولەکی 66 هێرشبەرە پۆڵەندییەکە بە ئاسیستێکی فێرمین لۆپێز بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی یانەی دۆرتموندی هەژاند.
 
بارسێلۆنا بەوەندە نەوەستا و لامین یامال لە خولەکی 77 گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد، بارسێلۆنا یارییەکەی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و هەنگاوێکی گەورە لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو نزیکبووەوە.
 
رۆژی سێشەممەی داهاتوو یاریی گەڕانەوە لە سیگناڵ ئیدونا پارک بەڕێوەدەچێت و یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت لە ئەڵمانیا سەرکەوتنی بۆ قۆناخی پێشکۆتایی تەواو بکات.
 
پاریسیش هەنگاوێکی ماوە
 
لە یارییەکی دیکەدا هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و ئاستۆن ڤێلا لە پاریس رووبەڕووی یەکبوونەوە، خاوەن یاریگە یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
سەرەتا لە خولەکی 35 مۆرگان رۆجەرز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانە ئینگلیزییەکە تۆمارکرد، بەڵام زۆری نەبرد لە خولەکی 39 دێسری دو ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەمی یارییەکە بەیەکسانبوون کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 49 خڤیچا کڤاراتسخێلیا، گۆڵی دووەمی بۆ پاریس سانجێرمان تۆمارکرد، بەر لە لێدانی فیکەی کۆتایی یارییەکەش بە خولەکێک نونۆ مێندێش بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی ئێمیلیانۆ مارتینێزی هەژاند و پاریس سانجێرمان یاریی چوونی قۆناخەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە یاریگەی ڤیلا پارک بەڕێوەدەچێت، ئەو یانەیەی دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی رووبەڕووی براوەی ئارسیناڵ و ریال مەدرید دەبێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە