رووداو دیجیتاڵ
بڕگەی پێنج هەواڵ، یەکێکە لە بڕگە نوێیەکانی دێسکی وەرزشی رووداو کە رۆژانە لە کاژێر 16:25 لەنێو پانۆرامای وەرزشیدا پێشکێشدەکرێت، رێبوار محەممەد بە سەرنج و تەنزەوە پێنج گرنگترین هەواڵی سۆفتی ماوەی 24 کاژێری رابردوودا بۆ دەخاتەڕوو.
هەواڵەکانی نێو پێنج هەواڵ زۆرینەیان هەواڵی تایبەتی ژیانی یاریزانان و کەسایەتییە وەرزشییەکانە، ئەو رووداوانە باس دەکەین کە بە ئاسانی ناگەنە دەست وەرگران.
مافیایە یان یاریزان؟
حەنبەعل موجبری، یاریزانی لاوی مانچێستەر یونایتد، هەندێک وێنەی خۆی لە ستۆری ئینستاگرام بڵاوکردەوە، مافیایە یان یاریزان؟ یەکێکبوو لەو کۆمێنتانەی زۆرترینجار لەسەر ستۆرییەکەی نووسرا. ئەو بەپەلە وێنەکانی بڵاوکردەوە. حەنەعبەل، تەمەنی 19 ساڵە، ئێستا لە پشووە، هەندێک وێنەی خۆی بڵاوکردەوە و هەر زوو دیلیتی کردن، لە وێنەکاندا کە بەر لە سڕینەوەیان گیراون، حەنەعبەل، کە تونسییە، بەدەمانچەیەکەوە دەرکەوتووە لە نێو سەنتەرێکی تەقەکردن بەدەمانچە. وێنەیەکی دیکەی گرتووە لەگەڵ ژمارەیەک کەسدا، کە هەموویان دەمانچەیان پێیە و وەک جۆرێک لە خۆپێشاندان و ترساندنی خەڵک دەرکەوتوون.. کارەکە رەخنە و گلەیی زۆری بەدواداهات، رۆژنامەی دەیلی مەیل، دەڵێ، ئەمە سەرئێشەیەکی نوێیە بۆ تێن هاگ و دوور نییە ناچاربێت سزای بدات، گەرچی ئەو لە تیپی یەکەمی یانەکەشدا یاری ناکات.
سەگەکانیشتان بهێنن
یانەی خیرۆنای ئیسپانی، دەڵێ ئەمە دەریناهێنێت هەر کەسە و ویستی بێت بۆ یاری ناچاربێت، بیر لەوە بکاتەوە سەگەکەی یان پشیلەکەی لە شوێنێک دابنێت و کەسێکی بۆ بەکرێ بگرێت، ئێمە بیرۆکەیەکی باشترمان بۆ ئەوە هەیە و دەشیکەینە منەت بەسەر هەمووانەوە و رێکخراوەکانی ئاژەڵ پارێزیش ستایشی کارەکەمان دەکەن. یانەکە دەڵێ ئێستا پلانێکمان هەیە، هەر کەس هات بۆ یاری یانەکە، دەتوانین شوێنیکی بۆ دابین بکەین بۆئەوەی ئاژەڵە ماڵییەکەی بهێنێتە ناو یانەکەوە و بەدڵڕەحەتی خۆی سەیری یاری بکات.. یانەکە پێشتر چیکردووە، گرێبەستیشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەت بەخۆراکی ئاژەڵاندا کردووە و دەڵێ کە ئاژەڵەکانتان هێنا، هەر لای خۆمان خواردنیشی بۆ بکڕن.
ماگوایەر خەریکی چییە؟
دڵنیام پاش ئەو هەموو هەڵا و نووکتە و هێرشە زۆرەی وەرزی رابردوو کرایە سەری و پاشئەوەی لە یاریدا سەروگوێلاکی یەک دوو یاریزانی برادەری خۆی شکاند وەک رۆناڵدۆ و پۆگبا، دەپرسن ئەرێ هاری ماگوایەر لە کوێیە و خەریکی چییە؟ با من پێتان بڵێم چیدەکات؟ ماگوایەر پاشئەوەی لەسەرەتای ئەم هاوینەوە خۆی ونکرد و لە هیچ شوێنێکەوە دیار نەما.. ئێستا دەرکەوتووە لە فەرەنسایە، بۆچی لە فەرەنسایە، چونکە بەتەمایە ژن بهێنێت.. وێنەی بڵاوبووەتەوە گەڵ و گیپاڵی خۆی دەرخستووە لە کوێ لە ناوچەی شاتو دی ڤارین لە باشووری فەرەنسا، لەوێ چووە بەشوێن هۆڵێکدا گەڕاوە بۆئەوەی ئاهەنگی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەی ئەنجام بدات لە هۆڵێکی ئەو ناوچەیە کە یەکێکە لە گرانترین هۆڵەکانی دونیا.. ماگوایەر هۆڵێکی گرتووە بۆ یەک شەو بە چارەکە ملیۆنێک پاوەند واتە نزیکەی سی دەفتەر دۆلارێک و سی کەسیشی بانگکردووە بۆ ئاهەنگەکە... ئێستا ئیدی ماگوایەر دەبێتە ساحێب ژن، جا دیار نییە لە جاران ماڵوێرانتر دەبێت و کەتنی نوێ لە یاریگەدا دەنێتەوە، یان وەک عوسمانی بارسێلۆنا کەمێک... ئەهه موحتەرەمتر دەبێت لە یاریدا..
لە رووی عەقڵییەوە گونجاو نییە
ئاندی کارۆل کە سەردەمانێک یەکێکبوو لە دیارترین هێرشبەرەکانی ئینگلتەرا و لە لیڤەرپوول یاریدەکرد، ئێستا بەشێوەیەک لێی قەوماوە کەس پێی ناڵێ خۆزگەم بەخۆت.. ماوەیەکی زۆرە بێ یانەیە و ئەم هاوینە ژنیشی هێنا، پاشئەوەی کەتنی نایەوە و خەریکبوو هەموو شتی لێ تێکبچێت وەک ئەوەی پێشتر باسمانکرد و وتمان وێنەی لەگەڵ کچاندا بڵاوبووەتەوە. کارلۆ پاشئەوەی ئیتر هەموو شتێک ساف بووە، چووە بۆ یانەی ئاندەرلەختی بەلجیکی، وتوویەتی بۆ گرێبەستم لەگەڵ ناکەن یاریتان بۆ بکەم؟ ئەوانیش وتوویانە وەڵا خۆ خراپ نییە، بەس تۆ تڵپی تەڕت تیاماوە؟ وتوویەتی ئەی چۆن حەزدەکەی فەحسم بکەن بزانن وەزعی لەشولارم چۆنە؟ یانەکە وتوویانە زۆر باشە، دەفەرموو بابچین هەنێ فەحس و پشکنین و ئەو شتانە بکەین، ئەگەر ئەنجامەکە باشبوو، یەکسەر گرێبەستت لەگەڵ دەکەین.. بردوویانەتە لای پزیشکی یانەکە، وتویانە یەکەمجار عەقڵیمان بۆ فەحس بکە، بزانین سەلامەتە و گونجاوە بۆ یاریکردن، وەڵا کاتێک دکتۆر فەحسیکردووە و هەندێک شتی لێپرسییەوە و ئیتر لێی وردبووەتەوە، راپۆرتێکی بۆ کارگێریی یانەکە نووسیووە، دەڵێ کورە نەکەن گرێبەستی لەگەڵ بکەن، ئەم برادەرە لە رووی جەستەیی و لەرووی عەقڵییەوە کێشەی هەیە، بەکەڵکی یاریکردن نایەت..
کۆلارە سەری خوارد
ئەمە لۆکاس باکیتایە، بەرازیلییە و هێرشبەری یانەی ئۆلمپیک لیۆنی فەرەنسییە، چووەتەوە بۆ بەرازیل بۆ لای برادەرە کۆنەکانی، یادەوەری و ئەو شتانەیان گێڕاوەتەوە، زۆر دڵیانخۆشبووە، یەکێک لە برادەرەکانی وتوویەتی، ئەزانن ئێمە بە منداڵی کۆلارەبازی زۆر باشبووین، ئەوە بۆ نەچین سەروو کۆلارەیەک بکڕین و وەک جاران هەڵیدەین، بزانین کێ باشترە؟ باکیتا و ئەوانیتر وتوویانە وەڵام بیرۆکەیەکی جوانە بابڕۆین، ئیتر هەر یەکە و کۆلارەیەکی هێناوە و دەستیان کردووە بە کۆلارە هەڵدان لە شوێنیکی بەرازیی، دیارە جەماعەت باکیتایان دەفعکردووە و وتوویانە تۆ بەمنداڵی زۆر موهیم بووی لە کۆلارەبازیدا، وەک جاران ماوی؟ ئەویش وتوویەتی حەیفتان نەکرد، بزانن ئێستا چیدەکەم، لەگەڵ کۆلارەی هەڵداوە و رایکردووە، بۆ قاچی ناخزێت، یەک ریز تەقلەی موحتەرەم لێدەدات و ئاگای لە دونیا نامێنێت.. کاتێک هۆشی دێتەوە لەسەر قەرەوێڵەی خەستەخانەیە، وتوویەتی ئەوە چی روویداوە من چی ئەکەم لێرە؟ دکتۆر بەسەر سەریەوە بوون وتوویانە هیچ نیە دە پانزە تەقلەیەکت لێداوە و یەک دوو وردە پەنجەی دەست و قاچت شکاون، بۆت عەمەلیات دەکەین و چاکدەبیتەوە.. هەر یەک دوو مانگ لەماڵەوە بە، حەزدەکەی دوایی بڕۆرەوە بۆ کۆلارەبازی..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ