رووداو دیجیتاڵ
یانەی سۆران بۆ قۆناخی دووەمی خولی نایابی کوردستان بەهێنانی چەند یاریزانێک ریزەکانی تۆکمە کردووە و چاوی لە ململانیێیە.
وەرزی ئەمساڵ یانەی سۆران سێیەم بەشداریکردنیەتی لە خولی نایابی کوردستان، تیپەکە لە قۆناخی یەکەمدا ئاستێکی مامناوەندی نمایشکرد و بە کۆکردنەوەی 17 خاڵ لە پلەی یازدەمی ریزبەندییە.
ئێستا شەفیق جەبەل، راهێنەری عەرەب سەرکردایەتی یانەی سۆران دەکات، لەسەر داوای ئەو راهێنەرە گرێبەست لەگەڵ محەممەد عەزیز یاریزانی پێشووی یانەی هەڵۆ و عەبدولمونعیم ئەحمەد یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر کراوە، هەروەها سابیر حوسێن یاریزانی پیشەگەری ئێرانی واژۆی لەسەر گرێبەستی یانەی سۆران کرد.
فەرمان ئیسماعیل، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "بۆ یارییەکانی قۆناخی دووەم بە تیپێکی زۆر بەهێز دێینە ناو گۆڕەپان و دەمانەوێت لە چوار تیپەکەی پێشەنگی ریزبەندی خولی نایابی کوردستان بین".
یانەی سۆران خاوەن هاندەرێکی زۆرە و بەردەوام لە یارییەکاندا هەزاران هاندەر پاڵپشتی تیپەکە دەکەن، هەر بۆیە بەرپرسانی یانەکە چاوییان لە دڵخۆشکردنی هاندەرانیانە و لەگەڵ یاریزانێکی دیکەی ئێرانی و یاریزانێکی سوری لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی یەکێکیان بهێننە ریزەکانیان.
سبەی چوارشەممە لە دەستپێکی یارییەکانی قۆناخی دووەمی خولی نایابی کوردستان، یانەی سۆران دوور لە یاریگە و هاندەرانی لە شاری سلێمانی یاری لەگەڵ یانەی سیروانی نوێ دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ