یانەی بایرن موینشن ئامادە نییە گوێ لە ئۆفەرەکانی بارسێلۆنا بگرێت

24-06-2022
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکرد: "یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن، رێککەوتنێکی سەرزارەکییان کردووە کە هێرشبەرە پۆڵەندییەکە بۆ ماوەی 2 وەرز لە بارسێلۆنا دەبێت و دەتوانێت بۆ سێیەم وەرزیش ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا درێژ بکاتەوە".
 
رۆژنامەکە باس لەوە دەکات: "یانەی بایرن میونشن بەو دەستەوارانەی بارسێلۆنا رازی نییە و ئامادە نییە وەڵامی ئۆفەرەکانی بارسا بداتەوە، چونکە یانە کەتەلۆنییەکە لەبەرامبەر بەدەستهێنانی تواناکانی لیڤاندۆڤێسکی، ئامادەیە 35 ملیۆن یۆرۆ بداتە یانە ئەڵمانییەکە، بەڵام بایرن بە کەمتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ، دەستبەرداری گۆڵکەری یانەکەی نابێت بێت".
 
رۆژنامەی سپۆرت باسی ئەوەشی کردووە: "چاڤی سەرباری ئەوەی سەرقاڵی بەسەربردنی پشووی هاوینەیە، بەڵام بەبەردەوامی لەگەڵ ئیدارەی یانەکەی لەسەر هێڵە، بۆ ئەوەی هەوڵبدەن بەخێرایی پرسی گواستنەوەی لیڤا لەبەرژەوەندی یانە کەتەلۆنییەکە یەکلایی بکەنەوە".
 
رۆژنامەکە لەسەر زاری چەند کەسێکی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا باس لەوە دەکات: "ئیدارەی بایرن هیچ پەلە ناکات لە فرۆشتنی لیڤاندۆڤێسکی و لە نوێترین لێدوانی بەڕێوەبەری یانەکە، ئاماژەی بۆ مانەوەی لیڤاندۆڤێسکی کردووە کە ئەوان چاوەڕوانن لە 12ی تەمموز لیڤا بگەڕێتەوە بۆ شاری میونشن بەمەبەستی بەشداریکردن لە ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێی خول و پاڵەوانێتییەکان، ئەمە لە کاتێکدا لیڤاندۆڤێسکی لە ماوەی رابردوودا جەختی لەوە کردەوە کە ناگەڕیتەوە بایرن و چیرۆکی ئەو لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە کۆتایی هاتووە".
 
رۆژنامەی سپۆرتی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا ئەوەشی ئاشکرا کرد: "لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری مایۆرکا، بەرپرسانی بایرن لەگەڵ لڤاندۆڤێسکی دایشتوون و هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان داوە، بەڵام کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی نەبووە و لیڤا سوورە لەسەر جێهێشتنی بایرن میونشن و پێیانی گوتووە و هیچ هەنگاوێک بۆ دواوە نییە و داوای لێکردون بە شێوەیەکی دۆستانە پرسی رۆیشنی لە یانەکە چارەسەر بکرێت، بەڵام بەرپرسانی بایرن بە داواکەی لیڤاندۆڤێسکی رازینەبوون".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە