زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ بۆ ریال مەدرید

24-06-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ ریال مەدرید
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە ئیسپانیا دەنگۆی ئەوە هەیە، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی ئەستێرەی سوێدی یانەی میلانی ئیتاڵی لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا بچێتە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.

رۆژنامەکانی ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری کارەکانی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، دەیەوێت تواناکانی زڵاتان پێشکەشی ریال مەدرید بکات و دەڵێن "رایۆلا دەیەوێت لەبارەی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچەوە قسە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی شاهانەی ئیسپانیا بکات و داوایان لێبکات یاریزانەکە بیبەنە ریزەکانی یانەکەیان".

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی تەمەن 38 ساڵان، یاری بۆ میلان دەکات و ئێستا بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتووەتەوە، یانەکەی تاوەکو ئێستا داوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لێنەکردووە، کە دوای تەواوبوونی ئەم وەرزە ماوەکەی کۆتاییدێت و زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە زڵاتان لە میلان دەڕوات.

ئەوانەی نزیکن لە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، دەڵێن "زڵاتان پێیوایە هێشتا توانای یاریکردنی لە بەرزترین ئاستدا ماوە، بۆیە دەیەوێت لەگەڵ یانەیەکی گەورەی یەکێک لە خولە گەورەکانی ئەوروپا درێژە بە یاریکردن بدات".

مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری کارەکانی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، پێیوایە ریال مەدرید باشترین بژاردەیە بۆ ئیبرا و دەشڵێت "ریال مەدریدیش دەتوانێت سوود لە ئەزموون و شارەزایی  زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ وەربگرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە کە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ پێشتر یاری بۆ یانەی بارسێلۆنا کردووە و کەمجار وا روویداوە یاریزانێکی بارسێلۆنا بچێتە ریال مەدرید و بەپێچەوانەشەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە