ریال مەدرید هەوڵیداوە ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا بگوازێتەوە

24-02-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن لامین یامال یانەی ریال مەدرید یانەی بارسێلۆنا پاریس سانجیرمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرچاوەیەکی ئیسپانی ئەوەی خستەڕوو کە ریال مەدرید چەند جارێک هەوڵیداوە لامین یامال بگوازێتەوە ریزەکانی.
 
بەپێی سەرچاوەیەکی ئیسپانی، یانەی ریال مەدرید ، پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کارەکانی لامین یامال کردووە و دەربارەی ئەگەرەکانی گواستنەوەی ئەو یاریزانە گفتوگۆیان کردووە.
 
خۆرخێ مێندێش، بەڕێوەبەری کارەکانی لامین یامال، بە ریال مەدریدی راگەیاندووە کە ئەو یاریزانە نایەوێت ریزەکانی بارسێلۆنا جێبهێڵێت و هیچ ئەگەرێک نییە بۆ گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، لامین یامال لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا دەکرێت رۆژێک لە ریال مەدرید یاری بکات، گوتی 'نەخێر، هەرگیز'.
 
لامین یامال تەمەنی 17 ساڵە، ئەستێرەی بارسێلۆنا و ئیسپانیایە، لەبەر ئاستە ناوازەکەی لە تەمەنێکی بچوکدا، سەرنجی هەمووانی بۆخۆی راکێشاوە، ئەو یاریزانە بووەتە جێی داوای چەندین یانەی گەورە، هاوینی رابردوو، یانەی پاریس سانجێرمان دەستەوارەیەکی خەیاڵییان پێشکەشکرد بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە، بەڵام یانەی بارسێلۆنا رازینەبوو دەستبەرداری بێت.
 
نرخی لامین یامال لە بازاڕی گواستنەوەکان بە 180 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت و ئەو یانەیەی بیەوێت لامین بگوازێتەوە ریزەکانی، پێویستە پارەیەکی یەکجار زۆر خەرج بکات.
 
ئەم وەرزە لامین یامال، 11 گۆڵ و 16 ئەسیستی بۆ یانەی بارسێلۆنا تۆمارکردووە و یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی بردنەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا.
 
هەرچەندە ئەگەری روودانی ئەم گواستنەوەیە کەمە و لە ئەستەم دەچێت، بەڵام لەمێژوودا نموونەی دیکەی گواستنەوەی ئەستێرەی گەورە لە یانەی بارسێلۆنا بۆ ریال مەدرید هەبووە و دیارترینیان گواستنەوەی لویس فیگۆی پۆرتوگالی بووە، کە بە یەکێک لە شۆکهێنەرترین گواستنەوەکانی مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە