بەر لە یاری ریال مەدرید، یاریزانێکی ئاتالانتا کۆچی دواییکرد

24-02-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ویلی برسیانۆ تابی ئاتالانتا
A+ A-

رووداو دیجیتال

یانەی ئاتالانتای ئیتالی کۆچی دوایی یاریزانە لاوەکەی، ویلی برسیانۆ تابیی کوتدیڤواریی راگەیاند، کە ماوەیەک بوو بەدەست شێرپەنجەی جگەرەوە دەناڵاند.

یانە ئیتالییەکە، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، هەواڵی مردنی یاریزانە لاوەکەی راگەیاند و نووسیویەتی "ئێمە بە هەستێکی قوڵەوە هاوبەشی ئازار و خەمی ئەندامانی خێزانی ویلی براسیانۆ تابین بە بۆنەی گیان لەدەستدانی ئەو یاریزانەوە".

لە بڵاوکراوەکەی ئەو یانە ئیتالییەدا، هەروەها هاتووە "تابی لەگەڵ ئاتالانتا پاڵەوانی خولی لاوانی ئیتالیا بوو لە ساڵی 2019، بەداخەوە زۆر زوو کۆتایی بە خەونەکەی هات.. ویلی بە ئارامی پشوو بدە"

یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئاتالانتا، کە تەمەنی 21 ساڵ بوو، لە ساڵی 2019 پەیوەندی بە ریزەکانی ئاتالانتاوە کردووە و لەگەڵیدا لە هەمان ساڵدا نازناوی خولی ئیتالیای بۆ تەمەن خوار 19 ساڵی بردووەتەوە، بەر لەوەی تووشی شێرپەنجەی جگەر ببێت، کە ماوەیەکی زۆربوو چارەسەری کیمیایی وەردەگرت.

یەکێتیی تۆپی پێی کوتدیڤواری یارمەتییەکی دارایی پێشکەشی یاریزانەکە کردبوو بۆ ئەوەی چارەسەری خۆی پێبکات، بەڵام درەنگ بوو، کە رۆژنامەکانی ئیتالیا لەو بارەیەوە نووسیویانە "بەداخەوە ئەو یارمەتییە داراییەی کە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی کوتدیڤوارەوە پێشکەشی تابی کرا، زۆر درەنگ گەیشت، بۆیە نەتوانرا چارەسەری یاریزانەکە بکرێت ".

مردنی یاریزانی کوتدیڤواری، کە دوێنێ لە نەخۆشخانەیەکی شاری بێرگامۆی ئیتاڵیا کۆچی دوایی کرد، لە کاتێکدایە کە ئەمشەو یانەی ئاتالانتا لە یاری چوونی گەڕی 16ـی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر ریال مەدریدی ئیسپانی یاری دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە