رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەورۆز لەگەڵ دەستپێکردنەوەی یارییەکانی خولی یانە نایابەکانی عێراق، یارییەکانی لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر ئەنجامدەدات.
یانەی نەورۆز لەسەر پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک نووسیوویەتی " هێرش كەمال, جێگری سەرۆكی یانەی وەرزشی نەورۆز پێی راگەیاندین کە چەند یارییەکی داهاتووی یانەکە لە خولی نایابی عێراق لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوەدەچن."
وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " دیارە یانەی نەورۆز لە رێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە داوایکردووە یارییەکانی لە هەولێر بەڕێوەبچێت، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە ئێمە وەک یانەی هەولێر ئاگادارکراوینەتەوە کە ئاسانکاری بۆ یانەکە بکەین و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی یارییەکانی خولەکە تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو، یارییەکانی یانەی نەورۆز لە یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچن."
یانەی نەورۆز پێشتریش داوای یاریگەی فرانسۆ هەریریی کردبوو، بەڵام داواکارییەکەیان رەتکرابووەوە، بۆیەش یارییەکانی بردە بەغدا و لە یاریگەی یانەی زەورا یارییەکانی ئەنجامدەدا.
یانەی نەورۆز لە خولی یانە نایابەکانی عێراقدا لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، لە 12 یارییدا تەنیا 4 یاریی بردووەتەوە و لە 8 یارییدا دۆڕاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ