رووداو دیجیتاڵ
هێنانی فرانک سیدریک، هێرشبەری کامیرۆنی خاڵێکی بەهێزی یانەی هەولێرە بۆ بردنەوەی یاری لوتکەی گەڕی هەژدەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یانەی جەوییە.
هەولێر لە سێ یاریی رابردوویدا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و سەمیر بابۆی راهێنەری تیپەکە دەیەوێت بۆ هاندەرانی بسەلمێنێت کە دەتوانێت وەک گواردیۆلای کوردان ناوە گەورەکانی عێراق لە زەوی بدات و هەنگاو بەرەو وەرگرتنی پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی بنێت، تەواوی یاریزانانی هەولێر بەشداری دواین یەکەی راهێنانی تیپەکەیان کرد، تەنیا حەیدەر ئەحمەد نەبێت کە بەهۆی پێکان ناتوانێت بەشداری یارییەکە بکات.
حوسێن مورشید یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر بە رووداوی گوت "ئەنجامە باشەکانی یانەی هەولێر بۆ بوونی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان دەگەڕێتەوە، ئەمە هەولێری راستەقینەیە، ئامادەکارییەکی زۆر نمونەیی و باشمان بۆ یاری جەوییە کردووە و لەنێو پێکهاتەکەماندا دەموچاوی نوێ و یاریزانی نوێ دەبینن، گرێبەستە نوێیەکان خزمەتی ئێمە دەکات، بەبردنەوەی سێ خاڵ دەچینە نێو ململانێی پێشەنگ بوون."
یانەی جەوییە لەنێو گێژاوی ئەنجامە خراپەکان و نارەزایەتی هاندەرانیدایە، میوانەکەی هەولێر لە چوار یاری رابردوودا دۆڕاوە، بۆ ئەم یارییە ئامانجی رەواندنەوەی نیگەرانیەکانی هاندەرانیەتی، تیپەکە بەر لە یارییەکە دوو یەکەی راهێنانی لەسەر یاریگەی برایەتی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی جەوییە بەر لە یارییەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "یارییەکە بۆ ئێمە ئاسان نییە و لە هەولێرە کە خاوەن تیپێکی گەورەیە و لە چەند یاریی رابردووش ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، ئێمەش دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن و پێویستمان بە خاڵی یارییەکەیە، ئێمە یاریزانی باشمان هەیە و دەبێت پارێزگاری لە دروشمی یانەکە بکەین و بەمدوایەش کێشەی پێکانی یاریزانمان هەبوو، لە داهاتوو دەتوانین سەرنجی هەمووان راکێشێن."
یانەی هەولێر بەکۆکردنەوەی بیست و هەشت خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، بردنەوەی لەم یارییەدا تیپەکە بەرەو پلەکانی سەرەوەی ریزبەندی دەبات، جەوییە هەمان ژمارەی خاڵی هەیە و پلەی حەوتەمی گرتووە.
یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و جەوییە کاژێر 19:30 لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت، چاوەڕواندەکرێت زیاتر لە 20 هەزار هاندەر لە یاریگە ئامادەبن بۆ ئەوەی پاڵپشتی قەڵای زەرد بکەن، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی یارییەکە و هەڵکشانی زیاتر لە ریزبەندی خولەکەدا.
یارییەکە راستەوخۆ بەکۆمێنتاریی عیسا مەجید، لە پەیجی رووداو سپۆرتس دەگوازرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ