گارێس بەیڵ.. لە تۆپی پێ و بردنەوەی چامپیۆنزلیگەوە بۆ یاریی گۆڵف

24-01-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن گارێس بەیڵ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گارێس بەیڵ، ئەستێرەی تۆپی پێی وێڵز، دوای دوو هەفتە لە وازهێنانی یەکجاری لە یارییکردن روودەکاتە یاریی گۆڵف.
 
گارێس بەیڵ رۆژی 9ـی 1ـی 2023 بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بریارییدا بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت، هەرچەند هێشتا تەمەنی 33 ساڵە و تەنیا نیو وەرز بوو لە یانەی لۆس ئانجلێس ئێف سی ئەمریکی یارییدەکرد.
بەیڵ لە کاروانی یارییکردنیدا وەک یاریزانی تۆپی پێ چەندین دەستکەوتی گرنگی بردووەتەوە و لە 2006 تاوەکو 2022 لە ئەستێرە دیار و بەنێوبانگەکانی وڵاتەکەی بوو، لەسەر ئاستی یانەکانیش لە ساوسامپتۆن، تۆتێنهام، ریال مەدرید و لۆس ئانجلێس یارییکردووە.
 
دیارترین دەستکەوتی ئەستێرە وێڵزییەکە بردنەوەی 5 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بووە، جگە لەوەش چەندین نازناوی دیکەشی لەگەڵ ریال مەدرید بردووەتەوە.
 
دوای ماوەیەکی زۆر کەم لە وازهێنانی یەکجاری لە تۆپی پێ بەیڵ بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی یاریی گۆڵفدا دەکات کە لە مانگی داهاتوودا لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و براوەی پاڵەوانێتییەکە بە 9 ملیۆن دۆلار خەڵاتدەکرێت.
 
ئەو پاڵەوانێتییە دەبێتە یەکەم پاڵەوانێتی فەرمی کە بەیڵ تێیدا بەشدارببێت و یارییکردنی ئەو کاردانەوەی زۆری دەبێت، بەتایبەت کە ناوبانگێکی زۆری لە تۆپی پێدا هەبووە.
 
پێشتر لە وەڵامی پرسیارێکدا کە رای چییە لەسەر وازهێنانی گارێس بەیڵ؟ پێپ گواردیۆلا گوتبووی " ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێکی زۆرباش لە یاریی گۆڵفدا."
 
بەیڵ پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ یاریی گۆڵف هەیە، کاتێک یاریزانی تۆپی پێ بوو، زۆرینەی کاتەکانی پشووی بە یاریی گۆڵف بەسەردەبرد.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە