بردنەوەیەکی مێژوویی.. یارییەکی تۆپی پێ 33-0 کۆتاییهات

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی تاجیکستان پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیای خوار 17 ساڵان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی فەرمیدا، لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان هەڵبژاردەیەک 33-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بردنەوەیەکی مێژوویی تۆمارکرد.
 
لە رکابەرییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە جامی ئاسیای خوار 17 ساڵان، هەڵبژاردەی تاجیکستان بردنەوەیەکی گەورە و مێژوویی تۆمارکرد و 33-0 سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی گوام بەدەستهێنا.
 
یارییەکە لە یاریگەی بیشان لە سەنگاپوورە بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی تاجیکستان ئاستێکی بەرز و چاوەڕواننەکراوی پێشکێشکرد و تەنیا لە نیوەی یەکەمدا 17 گۆڵی تۆمارکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا، یاریزانانی تاجیکستان درێژەیان دایە ئاستە بەرزەکەیان و لەسەر نووسینەوەی مێژووییەکی لەبیرنەکراو بەردەوامبوون، لەو نیوەیەدا هەڵبژاردەکە 16 گۆڵی تۆمارکرد و یارییەکەیان بە 33-0 بردەوە.
 
ئەم بردنەوەیە دەبێتە گەورەترین بردنەوە لە مێژووی تۆپی پێی ئاسیادا، لەکاتێکدا پێشتر هیچ تیپێکی دیکە نەیتوانیووە بەم ئەنجامە یارییەکی فەرمی بباتەوە.
 
سەرەڕای بردنەوە گەورە و مێژووییەکەیان بە 33 گۆڵی بێبەرامبەر، هێشتا هەڵبژاردەی تاجیکستان سەرکەوتنی بۆ رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی ئاسیای خوار 17 ساڵان مسۆگەر نەکردووە و رۆژی هەینی بەرامبەر سەنگاپوورە یاری دەکات و رۆژی یەکشەممەی داهاتووش رووبەڕووی هەڵبژاردەی عومان دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە