فلیک.. ئەو تۆمەتبارەی دەبێ تۆڵە لە رابردووی خۆی بکاتەوە

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ یانەی بارسێلۆنا یانەی بایرن میونشن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، قورسترین تاقیکردنەوەی ئەمساڵی ئەنجامدەدات، کاتێک لە گەڕی سێیەمی یارییەکانی چامپیۆنزلیگدا، ئەمشەو لەسەر یاریگەی خۆی، میوانداری بایرن میونشنی ئەڵمانی دەکات.
 
یارییەکە بۆنەیەکی تایبەتە بۆ زۆر کەس لە بارسێلۆنا، بەتایبەت هانزی فلیک، ئەو راهێنەرەی گەورەترین شەرمەزاریی لە مێژووی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ دووچاری ئەو یانەیە کرد، کاتێک بە هەشت گۆڵ سەرکەوتنی بەسەردا بەدەستهێنا.
 
فلیک، کە نەخشەدارێژەری شکستپێهێنانی بێبەزەییانەی بارسێلۆنا بوو، پێویستە لەسەری، تۆڵەی ئەو سکانداڵە لە خۆی بکاتەوە بەر لەهەر کەسێک، پێدەچێ ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە، بۆ تۆڵەکردنەوە ئامادە بێت.
 
نەک تەنیا فلیک، بەڵکو زۆر کەسی دیکە لە بارسێلۆنا و زۆر یاریزانی ئێستای تیپەکە، وێڕای ساڵانێک یارییکردن لەو یانەیە، تامی سەرکەوتن بەسەر یانە باڤارییەکەیان نەکردووە.
 
رۆژی 14/8/ 2020، لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەو ساڵەدا، کە کۆرۆنا باڵی بەسەر دونیادا کێشا و سیستمی پاڵەوانێتییەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هات، هەردوو یانە لە یاریگەی دالووشی پۆرتوگال بەیەکگەیشتن، ئەوکات هانزی فلیک راهێنەری بایرن میونشن و کیکی سیتێین راهێنەری بارسێلۆنا بوون.
 
یارییەکە بەسەرکەوتنێکی گەورە و شکستێکی ئابڕووبەرانە لە بەرژەوەندی بایرن میونشن 8 - 2 کۆتاییهات. گەورەترین ئەنجامی تۆمارکراو بوو لە نێوان هەردوو یانە.
 
فلیک، ئەو ساڵە پێشەوایەتیی بایرن میونشنی کرد بۆ بەدەستهێنانی سیانەی وەرزەکە بۆ دووەمجار لە مێژووی یانەکەدا و دواتریش شەش نازناو لە وەرزێکدا، هاوشێوەی ئەوەی بارسێلۆنا ئەنجامیدابوو.
 
بەو لەو یارییە بارسێلۆنا باڵادەستی رووبەڕووبوونەوەکانی بوو بەرامبەر بایرن میونشن، بەڵام ئەو سەرکەوتنە گەورەیە، بەشێوەیەک دۆخەکەی گۆڕی کە لە دوای ئەو یارییەوە، بارسێلۆنا چوار جاری دیکە بەرامبەر بایرن یارییکردووە و لە سەرجەمی یارییەکاندا، شکستی هێناوە.
 
لاپۆرتا داوای تۆڵە دەکات
 
چەند کاژێرێک بەر لە رووبەڕووبوونەوەکەی ئەمشەو، سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکرد، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا داوای لە هانزی فلیک کردووە، تۆڵەی ئەو شکستە گەورەیە بکاتەوە.
 
دوایین سەرکەوتنی بارسێلۆنا بەسەر بایرن میونشندا، بۆ یاریی چوونی نیوەی کۆتایی ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، کە مێسی ئەوکات دووانەیەکی تۆمارکرد و نەیماریش گۆڵی سێیەمی بارسێلۆنای تۆمارکرد. بەڵام لە یاریی گەڕانەوەدا بایرن میونشن سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەگەرچی سەرنەکەوت بۆ قۆناخی دواتر. بەڵام لەوکاتەوە بارسێلۆنا تامی بردنەوەی بەرامبەر باڤارییەکان نەکردووە.
 
هێڵە شێتانەکانی گوشار
 
یارییەکە بەناونیشانی گوشار بەدوای گوشاردا دەبێت. ئێستا هەردوو تیپ بەستایلی گوشاری بەرز بۆ سەر بەرامبەرەکانیان یارییدەکەن.
 
ڤینسێنت کۆمپەنی، راهێنەری ئێستای بایرن میونشن، بەپێنج یاریزان گوشار دەخاتە سەر تیپی بەرامبەر و ئەوەش هەڵەی گەورە لە نزیک ناوچەی سزای تیپی بەرامبەردا دروستدەکات، کە یاریزانانی بایرن زۆر بەباشی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و سەرکەوتنی پێ تۆماردەکەن، هاوشێوەی ئەوەی بایرن لە دوا یاریی خۆیدا بەرامبەر شتوتگارتی دووەمی بۆندێسلیگا ئەنجامیدا و بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر لێی بردەوە.
 
لە بەرامبەردا هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا ستراتیژیەتێکی نزیک لەوەی کۆمپەنی پەیڕەو دەکات، بەڵام ئەوەی ئەمیان تووندتر و دڕندانەترە و بەژمارەیەکی زیاترەوە ئەنجامیدەدات، هەندێکجار هەشت یاریزانی بارسێلۆنا لە دەوروبەری ناوچەی سزای تیپی بەرامبەر کۆدەبنەوە.
 
ئەوەی لە یارییەکەدا پێشبینیکراوە رووبدات، گوشاری بەرز و بەردەوامی هەردوو تیپە، بەڵام کام لەو دوو تیپە دەتوانێت ستایلەکەی خۆی بەسەر ئەویدیکەدا بسەپێنێت و تیپەکەی دیکە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، ئەوە ئاراستەی رووداوەکانی یارییەکە دیاریی دەکات.
 
تەنیا سێ خاڵ و هیچی دیکە
 
هەردوو راهێنەر، بۆ ئەوەی تارمایی دۆڕان لە مێشکی یاریزانەکانیان دەربهێنن، پێویستە بایەخی یارییەکە لە تۆڵە و رێگەنەدان بەتۆڵە دەربهێنن و تەنیا لەوەدا چڕی بکەنەوە کە سێ خاڵە و هیچی دیکە.
 
کەشوهەوای پێش یارییەکە و ویستی زاڵی کەتەلۆنییەکان  بۆ تۆڵەکردنەوە لە باڤارییەکان، باڵی بەسەر کۆی شانۆی رووداوەکەدا کێشاوە، بەڵام کام راهێنەر دەتوانێت ئەو هەستە لای یاریزانەکانی کاڵ بکاتەوە، ئەو سەرکەوتنێکی لانیکەم، سایکۆلۆجی لە یارییەکەدا بەدەستدەهێنێت.
 
رابردوو دەستکاری ناکرێت
 
هەمووان چاویان لە دەست و کار و کاردانەوەی هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنایە تاوەکو پێشانی بدات چۆن تۆڵە لە رابردووی خۆی دەکاتەوە؟
 
ئەو لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکەدا، رووبەڕووی ئەو رابردووە کرایەوە، بەڵام دیپلۆماسییانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کرد.
 
فلیک لەبارەی ئەو بۆچوونەوە ک دەڵێ، بارسای راستەقینە لە یارییەکەی ئەمشەودا خۆی پێشاندەدات، فلیک دەڵێ، "هەر یارییە و دەکرێ زۆر شتی تێدا رووبدەن".
 
زیاتر دەڵێ، "بۆ هەموو یارییەک بەهەمان شێوە خۆمان ئامادە دەکەین. من یاریزان و راهێنەربووم لە بایرن میونشن و کاروانێکی سەرکەوتووم هەبوو، یادەوەریی خۆشم هەیە. بەڵام من ئێستا لە بارسێلۆنا و زۆر دڵخۆشم، هەر بۆیە دەبێ پاداشتی خەڵک بدەینەوە بەئەنجامی باش، من هەوڵ بۆ ئەو کارە دەدەم".
 
فلیک کە رەتیدەکاتەوە باس لە بیرۆکەکانی بۆ یارییەکە بکات، دەڵێ، "لەوانەیە نموونەیی نەبین، بەڵام هەموو کات هەوڵدەدەین باشتربین. هەموو کات دەمانەوێت گوشار لەسەر رکابەرەکەمان دروست بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین کە دەبێ باش بەرگری بکەین.
 
ئەگەرچی فلیک حەزناکات یارییەکەی ئەمشەوی تیپەکەی بەتاقیکردنەوە راستەقینەکە ناوببات، بەڵام ئەو راهێنەرە تاوەکو ئێستا سەرەتایەکی ناوازەی لەگەڵ بارسێلۆنادا هەبووە و پێشەنگی لالیگای گرتووە بەجیاوازیی سێ خاڵ لە ریال مەدریدی رکابەری.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە