چامپیۆنزلیگ گەڕایەوە و بایرن و بارسا تاقیکردنەوەی نوێیان هەیە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ بایرن میونشن بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو گەڕی پێنجەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەستپێدەکات، و 9 یاری بەڕێوەدەچن، کە تیایاندا یانەکان هەوڵدەدەن بە کۆکردنەوەی خاڵی زیاتر هەڵوێستیان لە ریزبەندیی یانەکان باشتر بکەن.
 
یاریی لووتکەی ئەم گەڕە لە شەوی سێشەممەدا لەنێوان هەردوو یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەبێت.
 
یارییەکە لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە لە رکابەرییەکەدا لە دۆخێکی باشدا نین و دەیانەوێت بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو بگەڕێنەوە نێو رکابەرییەکە.
 
بایرن میونشن لەم یارییە لە تواناکانی ئەلیکساندەر پاڤلۆڤیچ و جواو پالینیا بێبەش دەبێت، پاریس سانجێرمان ناتوانێت سوود لە تواناکانی لوکاس هێرناندێز وەربگرێت کە بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتووەتەوە.
 
بەر لە یارییەکە بایرن میونشن بە چوار یاری 6 خاڵی کۆکردووەتەوە، دوو بردنەوە و دوو دۆڕانی هەیە و لە پلەی حەڤدەیەمە، پاریس سانجێرمان تەنیا 1 بردنەوەی هەیە، یەکسانبوونێک و دوو دۆڕانی تووشبووە و لە پلەی 25 خاوەنی 4 خاڵە.
 
لە دوایین 3 یاریی نێوان هەردوو یانەدا بایرن میونشن سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە، پاریس سانجێرمان هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکردووە و تەنیا یەکجار یانەکە لە یاریگەی بایرن میونشن سەرکەوتنی بەدەستهێناوە ئەویش لە 1994 بووە.
 
دوای یەکسانبوونیان لە گەڕی رابردووی لالیگادا، یانەی بارسێلۆنا بەرامبەر سوپرایزەکەی چامپیۆنزلیگ یاری دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەیەکی دیکە هاندەرانی دڵخۆش بکات و زیاتر لە ریزبەندییەکەدا بچێتە پێشەوە.
 
بارسا لە تاقیکردنەویەکی نوێدا
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ستاد برێسی فەرەنسی یاری دەکات، ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا هەردوو یانە لە یارییەکدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
بۆ ئەم یارییەش لامین یامال، هاوشێوەی یارییەکانی رابردوو بەهۆی پێکانەوە ناتوانێت هاوکاریی بارسێلۆنا بکات.
 
بەر لە یارییەکە بارسێلۆنا لە دوای ئەنجامدانی چوار گەڕ، سێ بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە و بە 9 خاڵ لە پلەی شەشەمە، یانەی برێس سوپرایزی پاڵەوانێتییەکەیە و لە چوار گەڕی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، خاوەنی 3 بردنەوە و یەکسانبوونێکە و بە 10 خاڵ پلەی چوارەمی ریزبەندی گرتووە و ئەمشەو دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەورووپا بڵێت، ئەوەی من کردووەمە، توانای ئێمەیە نەک رێککەوت.
 
لیشبۆنە بەبێ ئامۆریم
 
یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پۆرتوگالی، یەکەم یاریی لە دوای رۆیشتنی رۆبن ئامۆریم لە چامپیۆنزلیگدا ئەنجامدەدات و لەژێر سەرپەرشتی جواو پێرێرا رووبەڕووی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەبێتەوە.
 
یارییەکە لە یاریگەی خوسێ ئالڤالادێ بەرێوەدەچێت و راهێنەری نوێی یانە پۆرتوگالییەکە دەیەوێت هاندەرانی یانەکەی لەنێو ئەو دڵخۆشییەدا بهێڵێتەوە کە لە سەرەتای وەرزەوە لە سەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و کیشوەریدا هەیانە.
 
سپۆرتینگ و ئارسیناڵ چوار یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، هەریەکەیان سەرکەوتنێکیان بەدەستهێناوە و دوو یارییان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە، دوایین یارییان لە قۆناخی شازدەی یۆرۆپالیگی 2023 بوو، کاتێک سپۆرتینگ بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی دوای ئەوە.
 
بەر لەم یارییە کێران تێرنی گەڕاوەتەوە نێو مەشقەکانی یانەی ئارسیناڵ، بەڵام زەحمەتە یاری بکات.
 
یانە لەندەنییەکە بەبردنەوەیەکی باشی پرێمەرلیگەوە چووەتە پۆرتوگال و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
 
بەر لەم یارییە سپۆرتینگ لە 4 یارییدا سێ بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و لە پلەی دووەمە بە 10 خاڵ، ئارسیناڵ دوو بردنەوە، یەکسانبوونێک و دۆڕانێکی هەیە و بە 7 خاڵ لە پلەی دوازدەیەمە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە