ریال مەدرید ریمۆنتادای تۆمارکرد و ئەنچێلۆتی، ڤینیسیۆسی فڕاند

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید ریمۆنتادایەکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد و دواکەوتنی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە نیوەی یەکەمدا، بۆ سەرکەوتنێکی گەورە گۆڕی و بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی بردەوە.

یارییەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو، لە نیوەی یەکەم دۆرتموند بە دوو گۆڵی دۆنێل مالین و جەیمی گیتێنسەوە پێشکەوت و ئەو نیوەیە بۆ یانەی میوان بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا، ریال مەدرید ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، لە خولەکی 60 ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر ئەنجامەکەی کەمکردەوە، دوای دوو خولەک ڤینیسیۆس جونیۆر ئەنجامەکەی راستکردەوە.
 
لە خولەکی 83 لوکاس ڤاسکێز، گۆڵی سێیەمی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد.
 
دوای ئەوە ڤینیسیۆس دوو گۆڵی دیکەی بەدوای یەکدا تۆمارکرد، بووە خاوەنی هاتریک و ریال مەدرید بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە و ڤینی شەوێکی نموونەیی پێشکێشی هەمووان کرد.
 
ریال مەدرید بەم بردنەوەیە بووە خاوەنی شەش خاڵ و لە سێ گەڕدا دووەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
دوای یارییەکە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید گوتی "ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە دەگمەنە یاریزانێک هەبێت بتوانێت لە نیوەی دووەمدا ئەوە پێشکێشبکات کە ڤینیسیۆس کردی، جگە لەو سێ گۆڵەی تۆماریکرد، هێز و کارەکتەری هەیە و یاریزانێکی نا ئاساییە،."
 
کارلۆ زیاتر دەڵێت "من دڵنیام، ئەو باڵۆن دۆر دەباتەوە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی ئەمشەو گۆڵی کرد، بەڵکو بەهۆی ئەوەی لە وەرزی رابردوودا کردی، ساڵی رابردوو هاوکارییکردین بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، سێ گۆڵەکەی ئەمشەویش هاوکاریی ئەو دەکەن بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆری داهاتوو."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە