رووداو دیجیتاڵ
خانمە بۆکسێنەرێکی موسڵمانی ئوسترالی، لەسەر قەدەخەکردنی سەرپۆشی خانمە وەرزشوانان لە ئۆڵمپیادی پاریس 2024 هێرش دەکاتە سەر فەرەنسا.
ئەو خانمە بۆکسێنەرە بەڕەچەڵەک ئێرانییە، رەخنەی لە قەدەخەکردنی پۆشینی لەچک لەلایەن خانمە ورزشوانە فەرەنسییەکانی بەشدار لە ئۆڵۆمپیادی پاریس گرت و لێدوانەکانی دانگیان داوەتەوە.
تینا رەحیمی، خانمە یاریزانی بۆکسێنی ئوسترالی، کە خۆی ئامادەدەکات بۆ نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەی لە ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024، رەخنەی تووندی لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا و بەرپرسانی وەرزشیی وڵاتەکە گرت بەهۆی ئەو بڕیارەی لە دژی خانمە یاریزانە لەچک بەسەرەکان دەریانکردووە، کە خۆیشی لەچک لەسەری دەکات.
پاریسی پایتەختی فەرەنسا، میوانداریی کێبڕکێکانی 33ـەمین خولی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی هاوینە دەکات، کە لە نێوان 26ـی تەممووز تاوەکو 11ـی ئابی 2024 بەڕێوەدەچن و تینا رەحیمی، یەکێک دەبێت لە بەشداربووانی.
رەحیمی، خانمە موسڵمانێکی ئوسترالی بەڕەچەڵەک ئێرانییە، ئەو رایگەیاندووە، قەدەخەکردنی خانمە وەرزشوانە لەچک بەسەرەکانی فەرەنسا لە بەشداریکردن لە ئۆڵۆمپیاد، سووکایەتییە و بڕیارێکی ناڕەوایە، کە بە روونی مافی ژنانی موسڵمان و وەرزشوانانی موسڵمان پێشێل دەکات.
فەرەنسا لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا، رایگەیاندبوو کە رێگە نادات خانمە وەرزشوانانی لەچک بپۆشن لە پێشبڕکێکانی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاددا، کە ئەوکات ئەمیلی ئۆدیا کاسترا، وەزیری وەرزشیی فەرەنسا رایگەیاند "بڕیارەکە بۆ پشتیوانیکردن لە پرەنسیپی عەلمانیەت دراوە".
ئەم بڕیارە ناڕەزایەتییەکی زۆری لەلایەن داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە فێمینیستەکان لێکەوتەوە، لە کاتێکدا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی یاداشتێکی ناڕەزایەتی بۆ کۆمیتەی ئۆڵۆمپیی نێودەوڵەتی نارد بۆ سەرکۆنەکردنی بڕیارەکە و داواکردن لە فەرەنسا بۆ پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارەی.
دواتر رێکخراوەکە دەریخستووە کە "وەڵامی کۆمیتەی ئۆڵۆمپیی نێودەوڵەتی بۆ نامە هاوبەشەکەی کە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەخەکردنی سەرپۆش لە ئۆڵۆمپیاد دەکات، بەس نییە و گوزارشت لە بێباکی دەکات".
دینا رەحیمی، تەمەن 28 ساڵ، کە لە ساڵی 2022 یەکەم وەرزشوانی موسڵمانی ئوسترالی بوو، کە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی کرد لە پێشبڕکێیەکی فەرمی لە یارییەکانی کۆمۆنوێڵس و ئەوکاتە میدالیای برۆنزی بردەوە، سەبارەت بە بڕیارەکەی فەرەنسا، گوتی "ئەم بڕیارە هیچ پەیوەندی بە رێزگرتن لە یاساکانی فەرەنساوە نییە، بەڕاستی بەزەییم بە خانمە وەرزشوانانی فەرەنسادا دێتەوە".
هەرچەندە بڕیاری قەدەخەکردنی پۆشینی لەچک ئەوان ناگرێتەوە، بەڵکو تەنیا ئەو خانمە وەرزشوانانە دەگرێتەوە کە نوێنەرایەتی فەرەنسا دەکەن، بەڵام تینا رەحیمی ناڕەزایی خۆی لە هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی وەرزش لە فەرەنسا دەربڕی.
ئەو خانمە لە کلیپێکی ڤیدیۆیی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، دەڵێت "خۆشبەختانە تاوەکو ئێستاش توانای بەشداریکردنم هەیە بە لەچکەوە و زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئوسترالیا یاریزانە موسڵمانەکانی لە پۆشینی لەچک قەدەخە نەکردووە".
ئەو خانمە وەرزشوانە، لە درێژەی قسەکانیدا، دەڵێت "بەڵام زۆر بەداخەوە بۆ وەرزشکارانی مێینە لە فەرەنسا، چونکە ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاستی ئەوانەوە نییە، نابێت سەرپۆشی رێگریت لێبکات لە وەرزشوان بوون، زۆر قورسە بۆ تۆ وەرزشکاری ئۆڵۆمپی بی و لەهەمانکاتدا بیر لەوە بکەیەوە کە دەبێت واز لە باوەڕ و ئایینەکەت بهێنیت بۆ ئەوەی بەشداری ئەم پێشبڕکێیانە بکەیت. پێموایە کە دەبێت هەمووان یەکسان بن و هەمان مافیان هەبێت".
تینا ئاماژەی بەوەشکرد "پشتگیری لە هەموو خانمە فەرەنسییەکان دەکەم، بەڕاستی جێگەی داخە".
فەرەنسا تاکە وڵاتە لە ئەوروپا کە رێگری دەکات لە خانمە یاریزانە سەرپۆشەکان بەشداری زۆربەی پێشبڕکێ وەرزشییە ناوخۆییەکان بکەن، یان نوێنەرایەتی ئەو وڵاتە بکەن لە پێشبڕکێکانی کیشوەری، ناوچەیی یان نێودەوڵەتیدا.
تینا رەحیمی، تاکە خانمە لەچک بەسەری ئۆسترالیایە کە بەشداری لە ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 بکات و یەکێکە لەو 12 خانمە وەرزشوانەی ئەو وڵاتە، کە بەشداری لەو ئۆڵۆمپیادەدا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ