پاریس لە ئێمباپێ بێئومێد بووە و شوێنگرەوەکەشی ئامادەیە

23-06-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەدوای شوێنگرەوەی کیلیان ئێمباپێدا دەگەڕێت و بڕێك پارەی بۆ پڕكردنەوەی شوێنی ئەو یاریزانە فەرەنسییە ئامادەکردووە. 
 
بەپێی هەواڵی میدیاکانی فەرەنسا، یانەی پاریس سانجێرمان ئومێدی بە مانەوەی ئێمباپێ نەماوە، ناشیەوێ ئەم وەرزە چاوەڕێی ئەو یاریزانە بکات و وەرزی داهاتوو بەخۆڕایی لە یانەکە بڕوات، هەر بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانە، یانەکە بڕیاری خۆی داوە و دەیەوێ لەم هاوینەدا لە بەرامبەر بڕێک پارە دەستبەداری ئێمباپێ ببێت. 
 
ریال مەدریدی ئیسپانی نزیکترین کڕیاری ئێمباپێیە، بەپێی قسەی رۆژنامەڤانانی نزیک لە یانەی شاهانە، ئەو تیپە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ لەم هاوینەدا ئامادەکردووە، ئەمە جیا لەوەی 50 ملیۆنیش وەک زیادکراو لە ئەگەری بردنەوەی خەڵاتە گشتی و تاکەکەسییەکان. 
 
یانە فەرەنسییەکە ئیستا بەدوای شوێنگرەوەی ئێمباپێدا دەگەڕێت، ئەوان ناوی ڤیکتۆر ئۆسیمینیان لەسەرەوەی ئامانجەکانیان نووسیوەتەوە، دەیانەوێ ئەو هێرشبەرە نایجیرییەی یانەی ناپۆلی بەبڕی 150 ملیۆن یۆرۆ بگوازنەوە. 
 
یانەی ناپۆلی نرخی ئۆسیمینی دیاریکردووە، ئەوان ئامادەنین لە 150 ملیۆن یۆرۆ کەمتر دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببن، چەند یانەیەکی دیکەی وەک مانچێستەر یونایتد و بایرن میونشن لەسەرهێڵن بۆ گواستنەوەی ئۆسیمین. 
 
ئێمباپێ بڕیاری خۆیداوە کە ئەم وەرزە لە یانەی پاریس بمێنێتەوە، بەڵام ئەمە زەرەرێكی گەورەیە بۆ یانە فەرەنسییەکە، چونکە ساڵی داهاتوو بەخۆڕایی دەتوانێت بچێتە هەر یانەیەک کە پێی خۆشە، بۆیە هەوڵەکانی پاریس بۆ ئەوەیە کە هەرچیی زووە ئەو یاریزانە بفرۆشن جا بە هەر نرخێك بێت کە شایستەی ئاستی گۆڵکەرە فەرەنسییەکە بێت، ریال مەدریدیش هیچ نیازێکی بۆ کڕینی ئەو یاریزانە پیشان نەداوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی کە پاریس نرخی خەیاڵی لەسەر یاریزانەکە دانەنێت و لە گەرمەی بازاڕی گواستنەوەدا یەکەم دەستەوارەیان پێشکێشبکات. 
 
کیلیان ئێمباپێ ساڵی 2018 لە یانەی مۆناکۆوە بەخواستن چووە پاریس، دوای ساڵێک یاریزانەکەیان بەبڕی 180 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی مۆناکۆ کڕییەوە و جارێکیش گرێبەستەکەی نوێکردووەتەوە. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە