یوڤێنتوس دەیەوێت بسەلمێنێت کە خۆی رادەستی هەژموونی ناپۆلی ناکات

23-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یوڤێنتوس ناپۆلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یوڤێنتوس ورەی بەرزە.. دڵی خۆشە و رۆژەکانی باشن.. خەمی بەدەستهێنانەوەی پانزە خاڵی شکێنراوی لە کۆڵ بووەتەوە.. ئێستا ئیدی گەڕاوەتەوە شوێنەکەی خۆی لە ریزبەندی سێری ئادا. یوڤێنتوس گەشاوەتەوە، لە چوارگۆشەی زێڕینی یۆرۆپالیگە.. یاریزانە پێکراوەکان هاتوونەتەوە.. تۆڵەیەک چاوەڕێی دەکات، تاوەکو بە هەمووانی پێشان بدات، لە وەرزی باڵادەستبوونی ناپۆلیدا، ئەو خۆی رادەستی هەژموونی ئەوان ناکات.
 
یوڤێنتوس لە یاریگەی خۆیدا، میوانداریی ناپۆلی دەکات.. ناپۆلییەک هەر رۆژێکی ئەمڕۆژانەی بە ساڵێک لێ دەڕوات.. ریتمی دابەزیووە.. ماندووبووە.. پێکان بەرۆکی ژمارەیەک یاریزانی گرتووە.. هاندەرەکانی پەلەی تەواوبوونی خولەکەیانە.. ئەویش لە ژێر گوشارێکی زۆردا، لە یاریگەیەکەوە دەچێتە یاریگەیەکی دیکە... لە چامپیۆنزلیگدا خۆی رادەستی بیگ میلان کرد، نایەوێ و نابێ لە خولدا، ئەوانیدیکە پێشی بکەونەوە و خەونە رەنگاڵەییەکەی لێبکەن بە دێوەزمە.
 
ناپۆلی بەوەرزێکی نموونەیی و ئاوارتەدا گوزەر دەکات.. سەرەتای دەستپێکردنی رکابەرییەکانی سێری ئا، کەس پێیوانەبوو ئەو یانە باشوورییە دەتوانێ خەونێک بەدی بهێنێت و رۆژێک لە رۆژەکانی وەرزەکە، وەک پاڵەوان دەربکەوێت و رکابەرەکانی تێک بشکێنێت.. بەڵام ئەوە روویدا، ئێستا ناپۆلی لە هەموو کات زیاتر لە نازناوی خولەکەوە نزیکە.. نازناوێک چەندین دەیەیە ئەو یانەیە دەستی پێینەگەیشتووە.
 
بۆ ناپۆلی وێستگەی یوڤێنتوس ئارێنا، یەکێک دەبێت لەو وێستگانەی لە بەرەبەری کۆتایی وەرزدا، چارەنووسسازن.. بۆ سپالێتی و یاریزانەکانی، ئێستا بردنەوە لە هەموو کات پێویستترە.. سەرکەوتن لە هەموو کات داواکراوترە.. ئەوان نایانەوێت.. لە خەیاڵی خۆشی بردنەوەی سکۆدیتۆ بێنە دەرەوە.. نایانەوێت وەرزەکەیان لە بەهارێکی رەنگاوڕەنگەوە ببێتە پایزێک زریانی لەدەستدانی نازناوەکەی تێدا هەڵبکات.
 
ئەمە ویستی ناپۆلییە.. ئەی یوڤێنتوس؟ درەنگ بێی باشترە لەوەی هەر نەیەیت.. سەرەتای وەرزی خانمە پیرەکە خەماویی بوو.. پڕبوو لە نووچدان، لە کەوتن، لە شکست و نادڵنیایی و دڕدۆنگی.. شکست هات و لەدەستدانی خاڵ هات.. یاریزانانی یانەکە، لەبری ریزگرتن بۆ نێو یاریگە، پشت لە یاریگە و روو لە نۆڕینگە ریزیان بەست بۆ چارەسەرکردنی پێکانەکانیان.. کەس باوەڕی بەخۆی و بە تیمەکە نەما.. هەرزوو لە چامپیۆنزلیگ چووە دەرەوە.. یاسا نووسەکانی ئیتاڵیا هاتن و گوتیان ئێوە هەڵەتان کردووە، یاساتان پێشێلکردووە و سزاتان دەدەین.. پانزە خاڵتان لێدەشکێنین..
 
هەمووان دەترسان.. لەو نێوەدا.. لە نێو گێژاوی چارەنووسێکی نادیاردا.. پیاوێک بەپێوە مایەوە.. دەستی یاریزانەکانی گرت و گوتی خۆتان بەدەستەوە مەدەن.. هێشتا نەمردووین.. هێشتا دەژین.. دەتوانین بەسەر خۆماندا، بەسەر ئاست و ئەنجام و خەمەکانماندا راپەڕین.. راستییەکان هەڵگێڕینەوە و پێشانی بدەینەوە ئەوە ئێمە نین بکەوین.. ئەوە ئێمە نین خەڵک بەدیار خەماکانمانەوە زەردەخەنە بکات.
 
ئالێگری هەمووانی لەسەر متمانەبەخۆبوون جۆشدا.. پشتی لە زەحمەتییەکان کرد.. شکستی بە شکست هێنا.. تاوەکو زریانەکە دامرکایەوە و ئێستا ئیدی یوڤێنتوس بە ناپۆلی دەڵێ، کاتێک توانیتان لە گەرمەی کەوتنەکانماندا پێنج گۆڵمان لێبکەن لە یاریی چووندا.. ئێستا لە یاریی گەڕانەوەدا نۆرەی ئێمەیە، پێشانتان بدەین، هەڵسانەوە مانای چی..

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە