رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بڕیارێکی لەناکاوی لەبارەی یاریی داهاتووی یانەکەی لە کلاسیکۆ داوە.
شەممەی داهاتوو لە گەڕی دەیەمی خولی لالیگادا، بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە یەکەم کلاسیکۆی ئەم وەرزەدا بەیەکدەگەن.
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی ریال مەدرید بڕیاریداوە، وێڕای گرژیی و نائاسایی پەیوەندییەکانی یانەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، بەهۆی دۆسێی نیگرێرا، بەڵام لە یاریی کلاسیکۆ ئامادە دەبێت.
دوایین کلاسیکۆ کە وەرزی رابردوو لەسەر یاریگەی کامپ نو بەڕێوەچوو، پێرێز ئامادەی نەبوو، پاشئەوەی ریال مەدرید وەک سکاڵاکارێکی بارسێلۆنا چووە نێو دۆسێی نیگرێراوە.
بارسێلۆنا تۆمەتبارە بەپارەدانی نایاسایی و گەندەڵیی وەرزشی و بەرتیلدان بەناوبژیوانانی لالیگا و دوو سەرۆکی پێشووی یانەکە و سەرۆکی ئێستای بارسێلۆنا، لە دۆسێیەکەدا تۆمەتیان ئاراستەکراوە.
رۆژنامەکە دەڵێ، پێرێز بۆیە دەچێتە کلاسیکۆ، تاوەکو لەگەڵ یاریزانەکانی بێت و پشتگیریی خۆی بۆ ئەوان پێشان بدات، چونکە هەستدەکات یاریزانانی یانەکەی رووبەڕووی دۆخێکی ئاڵۆز و گرژ دەبنەوە لە یارییەکەدا.
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، ئامادەبوونی پێرێز مانای ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو یانە نییە، بۆچوونی کارگێڕیی یانەکەش لەبارەی دۆسێی نیگرێراوە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
لەماوەی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید رووبەڕووی ساردیی زۆر بووەوە. کارگێڕیی بارسا لە دۆسێی نیگرێرادا ریال مەدرید بەدەستتێوەردان بۆ لێدانی یانەکەی تۆمەتبار دەکات و خوان لاپۆرتا لە چەند رۆژی رابردوودا، چەندینجار هێرشی کردە سەر ریال مەدرید و بەپلانداڕێژەر لە دژی بارسا تۆمەتباری کردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ