رۆبێرتۆ کارلۆس لەبارەی یاریی پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید وەڵامی رووداو دەداتەوە

22-02-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆبێرتۆ کارلۆس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرتۆ کارلۆس، ئەستێرەی تۆپی پێی بەرازیل و باڵیۆزی یانەی ریال مەدرید و پاتریک کلۆیڤێرت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئامانجی سەردانەکەیان بۆ هەولێر روونکردەوە و دڵخۆشیی خۆیان بە هاتنیان بۆ هەولێر پێشاندا.
 
رۆبێرتۆ کارلۆس لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی " هەڵسوکەوتی خەڵکی هەولێر زۆر گونجاوە و سەرسامی کردم، دڵخۆشم بەوەی کە لێرەم، کەلتوری جیاواز و خەڵکی جیاواز ببیننم."
 
رۆبێرتۆ کارلۆس لە پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا وەک باڵیۆزی یانەی ریال مەدرید، چ زانیارییەکی لەبارەی هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئێمباپێ هەیە؟ ئەو یاریزانەی پێشووی ریال مەدرید گوتی  " ئێمباپێ هێشتا گرێبەستی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هەیە، بۆیە ناتوانم لەم بارەیەوە قسەبکەم." 
 
لەبارەی یارییەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمانیش لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ کارلۆس بە رووداوی گوت " یارییەکە بەڕاستی یارییەکی گەورە دەبێت، بۆیە تەماشای بکەن و چێژی لێ ببینن، بەڵام ئەو مێژوویەی ریال مەدرید هەیەتی، وادەکات بەرپرسیارەتییەکەی زیاتر بێت."
 
کارلۆس لەبارەی تۆپی پێی ئاسیاوە قسەیکرد و گوتی "  تۆپی پێی ئاسیا لە گەشەسەندایە، ئاستی تیم و یاریزانەکان باشتر بوون و دڵنیام بەرەو پێشتر دەچێت ئەگەر گرنگی بە گەشەپێدانی لاوەکان بدەن."
 
لەلایەن خۆیەوە پاتریک کلۆیڤێرت، ئەستێرەی پێشووی هۆڵەندا بە رۆژنامەڤانانی گوت "  قورسە باسی وڵاتێک و شوێنێک بکەین کە پێشتر نەماندیوە، بێگومان وڵاتێکی جوانە، لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە کە خەڵکەکەی زۆر باش و چالاکن."
 
کلۆیڤێرت باس لە رۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە بارسێلۆنا و بارودۆخی یانەی بارسێلۆنا دەکات و دەڵێت " پێموایە لەدوای رۆیشتنی مێسی بارسێلۆنا پێویستی بە رێکخستنەوە ھەبوو، بە ستایلی جیاواز بەڵام بەھەمان سیستمی بارسێلۆنا، کە چاڤی ھات شتەکانی رێکخستەوە و ئێستا لەسەر رێگەی راستە، بەتایبەت بینیمان چ ئاستێکیان ھەبوو بەرامبەر ڤالێنسیا، ئێمە دەبێت ئەوە بزانین کە چاڤی پێویستی بە کات ھەیە.
 
هەریەکە لە رۆبێرتۆ کارلۆس، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی بەرازیل و یانەی ریال مەدرید، پاتریک کلۆیڤێرت، ئەستێرەی پێشووی هۆڵەندا و یانەی بارسێلۆنا گەیشتنە هەولێر.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردوو یاریزانەکە لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، بۆ یەکەمجار گەیشتنە باشووری کوردستان و لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێرەوە پێشوازیان لێکرا.
 
هاتنی کارلۆس و کلۆیڤێرت، لەسەر ئەرکی کۆمپانیای کۆڕەک تیلکۆمە و ئامانج لێی بەشداریکردنە لە پڕۆژەی کاپتن کۆڕەک، کە لەو چوارچێوەیەدا یارییەکی دۆستانەش لە یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدەدەن.

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە