رووداو دیجیتاڵ
رۆبێرتۆ کارلۆس، ئەفسانەی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و باڵیۆزی ئێستای ئەو یانەیە، یاریزانانی یانەکەی تووشی شۆککردووە، کاتێک بینیویانە وێڕای دەوڵەمەندیی و پێگە بەرزەکەی لە یانەکە، لە بارەگای ڤاڵدێبێباسی تایبەت بەمەشقی یاریزانانی یانەکە ماوەتەوە و شەوان لەوێ بەسەر دەبات.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، کارلۆسی تەمەن 51 ساڵ، لە هاوژینەکەی جیادەبێتەوە، هەربۆیە ماڵی بەجێهێشتووە و شەوان لە بارەگای مەشقەکانی ریال مەدرید دەمێنێتەوە.
کارلۆس بڕیاریداوە دوای 15 ساڵ لە ژیانی هاوژینی، لە ماریانا لوکۆنی هاوژینی جیابێتەوە کە لە مانگی حەوتی ساڵی 2009ەوە هاوژینن و دوو منداڵیان هەیە بەناوەکانی مانوێلا و ماریانا.
رۆژنامەی 'ئیستادیۆ دیپۆرتیڤۆ' دەڵێ، کارلۆس و ماریانا گەیشتوونەتە بنبەست و لەرێگەدان بەرەو جیابوونەوە.
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، پێشبینیدەکرێت، پڕۆسەی جیابوونەوەکە ئاڵۆز و درێژخایەن بێت، لەبەرئەوەی کارلۆس خاوەنی سامانێکی زۆرە کە بە 160 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، لوکۆن هێشتا لە ماڵە سەرەکییەکەی خۆی دەژی، بەڵام ماڵباتەکەی کارلۆس کە لە دایک و باوکی پێکهاتوون، لە ماڵێکی دیکە دەژین و ئەوەش وایکردووە، ئەو لاباڵی بەرگرییەی پێشووی ریال مەدرید، بەشێوەیەکی کاتی، لە ژوورێکی ڤاڵدێبێباس شەوان بەسەر ببات.
کارلۆس و هاوژینەکەی، لە نێوان 1996 تاوەکو 2007 پێکەوە لە مەدرید ژیاون و ئەو یاریزانە لەو ماوەیەدا لەگەڵ ریال مەدرید چوار نازناوی لالیگا و سێ نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.
کارلۆس بەیەکێک لە باشترین بەرگریکەرانی باڵ لە مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت.
کارلۆس لە کارەکەی خۆی لە ریال مەدرید وەک باڵیۆزی پەیوەندییەکان بەردەوامە.
رۆبێرتۆ کارلۆس، کە لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل نازناوی مۆندیالی 2002ی بەدەستهێناوە، بەر لە دە ساڵ رایگەیاند، خاوەنی 11 منداڵە لە حەوت ژنی جیاواز.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ