میکێل ئارتێتا: لە پشووی هاوینەوە خۆمان بۆ یارییەکەی مانچێستەر سیتی ئامادەکردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەلیگ یانەی مانچێستەر سیتی یانەی ئارسیناڵ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵ، لە وەرزێکی نوێ و هەوڵێکی نوێدا بۆ بەدەستهێنانەوەی نازناوی پرێمەرلیگ، سەرەتایەکی تاقەتپڕوکێنی لە وەرزەکەدا دەستپێکردووە و یاریی یانەکە بەرامبەر مانچێستەر سیتی، گەڕێکی دیکەی قورسی یانەکە دەبێت لەسەرەتای وەرزەکەدا.
 
سبەی یەکشەممە، کاژێر 18:30 بەکاتی باشووری کوردستان، ئارسیناڵ دەبێتە میوانی مانچێستەر سیتی.
 
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ گوتویەتی، ئێمە بەر لەدەستپێکردنەوەی وەرز، خۆمان بۆ یارییەکەی سیتی ئامادەکردووە.
 
ئارسیناڵ لە یارییەکەدا ئەرکی قورسە، بەر لە رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە تۆتێنهامی بردەوە. لە کۆتایی هەفتەدا لەگەڵ ئاتاڵانتای ئیتاڵی لە چامپیۆنزلیگ یەکسانبوو. یاریزانەکانی یانەکە، ماوەیەکی باشیان بۆ پشووی نێوان هەردوو یاریی نەبوو.
 
لە دوو وەرزی رابردوودا، مانچێستەر سیتی و پێپ گواردیۆلا، باڵادەستیی خۆیان بەسەر نازناوی پرێمەرلیگدا سەپاندەوە پاشئەوەی ململانێیەکی قورسیان لەگەڵ ئارسیناڵ هەبوو.
 
هەردوو تیپ، ئێستا پلەکانی یەکەم و دووەمی ریزبەندی گشتیی پرێمەرلیگیان گرتووە.
 
ئارتێتا دەڵێ، "ئێمە ماوەیەکی بەرچاو بەر لە دەستپێکردنی وەرزی ئەمساڵ خۆمان بۆ یارییەکەی مانچێستەر سیتی ئامادەکردووە. خشتەی خولەکەمان دەزانی و دەمانزانی زۆر کەم روودەدات لە رۆخێکی وادا سێ یاریی گەورە لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان لە ماوەی تەنیا شەش رۆژدا ئەنجام بدەین".
 
راهێنەری ئارسیناڵ دەڵێ، "ئەمە دۆخەکەیە و دەبێ قبووڵی بکەین، هەر بۆیە خۆمان بۆ ئەو دۆخە ئامادەکردووە و لە رووی جەستەیی، دەروونی و پلانەوە ئامادەکاریمان کردووە. ئێمە دڵنیایی دەدەین کە هەمووان ئامادەن، بەڵام پێویستیمان بەهەمووان هەیە، بەتایبەت لەگەل ئەو پێکانانەی لەماوەی یارییە نێودەوڵەتییەکان تووشی بووین".
 
ئارسیناڵ ناچارە یارییەکی دیکە بەبێ مارتن ئۆدیگاردی کاپتنی ئەنجام بدات. ئەو یاریزانە بەهۆی پێکرانی پاژنەی پێیەوە کە لە یاریی هەڵبژاردەی نەرویج تووشی بووە، لە ئارسیناڵ دابڕاوە و کاتی گەڕانەوەی دیار نییە.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکەی ئارسیناڵ، لەبارەی ئۆدیگاردەوە دەڵێ، "پێویستمان بەبینینی گەشەکردنی دۆخەکان هەیە تاوەکو هەفتەی داهاتوو، هەروەها بزانین پاژنەی ئەو چۆن دەبێت، پاشئەوە دەستەی پزیشکی ئەپدەیتی دۆخەکەیمان دەداتێ، لەگەڵ ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریگەکان".
 
ئارتێتا دەڵێ، تیپەکەمان لە یارییەکەی ئاتاڵانتا دووچاری پێکانی زیاتر نەبووە، بەڵام پێویستمان بەرۆژێکی دیکەی پشوو هەبوو، وەکئەوەی سیتی وەریگرت.
 
ئارتێتا هەروەها دەڵێ، "ئێمەش هەمان شتی ئەوانمان دەویست، بەڵام نەمانبوو، لەبەرئەوە دەبێ مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەین و ئەوپەڕی سوودی لێوەربگرین بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی هەمانە، بەباشی خۆمانی تێدا ئامادە بکەین و یارییەکەش ببەینەوە".
 
لە دوایین سێ یاریی نێوانیاندا، سیتی نەیتوانیوە لە ئارسیناڵ بباتەوە و دوایین بردنەوەی مانچێستەر سیتی لە ئارسیناڵ لە مانگی چواری ساڵی 2023 بوو.
 
ئارسیناڵ لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگەی خۆی لە 2024 تەنیا یەک یاری یەکسانبووە بەرامبەر سیتی لە رکابەرییەکانی وەرزی رابردوودا، ئارتێتا دەڵێ، کەشێکی پڕ لە رکابەری چاوەڕێمان دەکات لە یارییەکەدا.
 
ئارتێتا هەروەها دەڵێ، "دەچینە یاریگەی تیپی پاڵەوان، ئەو تیپەی پێموایە لە مێژووی پرێمەرلیگدا سەقامگیرترین بووە، نەک تەنیا لە رووی ئەنجامەکانەوە بەڵکو لە رووی باڵادەستی و ئاستی نایابی بەردەوامەوە. ئەمە ئاڵنگارییەکەیە، دەبێ یارییەکەی ئەوێ بکەین و جارێکی دیکە دووپاتی بکەینەوە کە هەنگاوێکی دیکەمان ناوە و توانای رکابەریمان هەیە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە