بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لە قەتەرەوە سەبارەت بە لیۆنێل مێسی

21-03-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی قەتەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، ئاشکرای دەکەن کە لە دەوحەوە گوشار خراوەتە سەر ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان بۆ هێشتنەوەی لیۆنێل مێسی لە ریزەکانی یانەکەدا.
 
بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، رێنماییەکان لە دەوحەوە گەیشتوونەتە کارگێڕیی پاریس سانجێرمان، سەبارەت بە پێویستی مانەوەی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی لەو یانەیە.
 
ماوەی گرێبەستەکەی لیۆنێل مێسی لە پارکی شازادەکان لەم هاوینەدا کۆتایی دێت، واتا لە کۆتایی وەرزی ئێستادا دەبێتە یاریزانێکی ئازاد و دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بچێتە هەر یانەیەک کە حەزی لێیە.
 
ئەگەرچی بڕگەیەک لە گرێبەستی مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هەیە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکە بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان مێسی و یانەکەدا نییە. 
 
لە چەند کاژێری رابردوودا، میدیاکان باسیان لەوە کردووە کە سانجێرمان نیازی هەیە بۆ گۆڕینی خوێنی تیپەکە لە وەرزی داهاتوودا، و لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا کارگێڕیی یانەکە رێگە لە رۆشتنی مێسی لە یانەکەیان ناگرن، بەتایبەتیش کە پەیوەندییەکی خراپ لە نێوان لیۆ و هاندەرانیدا هەیە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، خاوەنەکانی پاریس لە قەتەر رێنمایی روونیان ئاراستەی ناسر خلێفی سەرۆکی یانەکە و لویس کامپۆسی بەڕێوەبەری وەرزشی کردووە، سەبارەت بە پێویستی هێشتنەوەی مێسی بە هەر نرخێک بێت.
 
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم داواکارییەی قەتەر پێچەوانەی بیرکردنەوەی خلێفی و کامپۆسە، کە ئەوان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی رێگە بە رۆیشتنی لیۆ بدەن، بەڵام تازە ناتوانن سەرپێچی بڕیارەکانی قەتەر بکەن.
 
ئەو سەرچاوانە دووپاتی دەکەنەوە کە کارگێڕیی پاریس سانجێرمان لەژێر فشاری دەوحەدایە سەبارەت بە پێویستی هێشتنەوەی مێسی لە پارکی شازادەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە