پاش یارییەکەی سێلتاڤیگۆ، ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا تەقیوەتەوە

21-04-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا یانەی بارسێلۆنا هانزی فلیک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارەکانی هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا، لە دوایین یاریی یانەکەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ لە لالیگا، نیگەرانی و جۆرێک لە دڵەڕاوکەی لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا دروستکردووە، لەدوای یارییەکە سێ یاریزانی تیپەکە بەڕووی راهێنەرەکەیاندا هەڵشاخاون.
 
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، یارییەکەی بارسا و سێلتاڤیگۆ پڕی هەڵچوون و تووڕەیی بووە، هەندێک یاریزان کۆنترۆڵی خۆیان لەدەستداوە و بەئاشکرا دەمەقاڵەیان دروستکردووە.
 
میدیاکان دەڵێن، "تووڕەیی و نیگەرانییەکە بەشێوەیەک بووە، سێ یاریزان بەڕووی راهێنەری یانەکەدا تەقیونەتەوە، ئەوەش رووداوێکە لەوکاتەوەی هانزی فلیک سەرپەرشتی تیپەکە دەکات، رووینەداوە".
 
فیران تۆرێس، ئانسۆ فاتی و هیکتۆر فۆرت بەئاشکرا ناڕەزایەتیی ئاشکرایانکرد بەرامبەر یاریینەکردن یان دانیشاندنیان لەلایەن راهێنەرەوە دەربڕی، ئەوەش وایکرد ژووری جلگۆڕینی یانەکە بکەوێتە دۆخێکی خراپ و پڕ لە هەڵچوونەوە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، "یاریزانانی بارسێلۆنا بەجۆشن بۆ یارییکردن، هەمووان دەیانەوێت یاریی بکەن، بەڵام فلیک بڕیاری خۆی لەبارەی پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکەیەوە یەکلاکردووەتەوە و کۆمەڵێک یاریزانی لە پێکهاتە سەرەکییەکە دوورخستووەتەوە".
 
زیاتر ئاشکرایانکردووە، "دوو یاریزانی یانەکە لە دوای یارییەکە هەڵوێستی نەشیاویان نوواندووە. ئانسۆ فاتی شەقی لە ساردکەرەوەی یاریزانە یەدەگەکان داوە و درێسەکەی بەبەرچاوی یاریدەدەرەکانی هانزی فلیکەوە فڕێداوەتە سەر زەوی. هەروەها ناڕەزایەتیی تووندی دەربڕیوە بەرامبەر ئەوەی بەشداری لە یارییەکەدا نەکردووە، لە کاتێکدا بەدرێژایی گێمی دووەمی یارییەکە سەرقاڵی خۆگەرمکردن بووە، بەڵام نەبراوەتە نێو یارییەکە".
 
بەشێکی دیکەی چیرۆکەکە، وەک هەمان ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، ئەوەیە کە "پەیوەندی فلیک و فاتی زۆر خراپە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە کەسە نزیکەکانی یاریزانەکە پێیانوایە ئەو راهێنەرە بەباشی مامەڵەی لەگەڵ یاریزانەکەدا نەکردووە، هەستدەکەن ئەوان لەسەرەتای وەرزەوە هەڵخەڵەتێنراون، لەوەش تێناگەن بۆچی فلیک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتوویەتی، یاریزانەکە بەباشی مەشق ناکات".
 
میدیای کەتەلۆنیا زیاتر روونیانکردووەتەوە، "تووڕەیی فاتی و چواردەورەکەی گەیشتووەتە لووتکە، چونکە ئەو یاریزانە هەستدەکات لەوپەڕی توانای باشی خۆیدایە و راهێنەر نایەوێت هەلی پێ بدات".
 
زیاتر روونیکردووەتەوە، "بەدڵنیاییەوە کێشەکان لە کۆتایی وەرزدا، کاتێک باس دێتە سەر چوونە دەرەوەی ئەو یاریزانە دەتەقنەوە، چونکە فاتی دەیەوێت گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە بەبێئەوەی لە یەک یۆرۆ خۆش ببێت، بەڵام یانەکە ئەوەی قبووڵ نییە".
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەچیرۆکێکی دیکەی ناکۆکی لەدوای یارییەکە کردووە و دەڵێن، "تووڕەیی لەناکاوی هیکتۆر فۆرتیش لە دوای یارییەکە، بووەتە مایەی سەرسوڕمانی هەمووان، چونکە ئەو یاریزانە ئەمساڵ زۆر کەم بەشداریی کردووە، کەچی وا پێشانیداوە کە گلەیی هەیە و ناڕازییە لە دۆخەکە".
 
ئەو میدیایانەی کەتەلۆنیا ئاماژەیان بەوەداوە، "دوای یارییەکە و لە کاتێکدا فلیک لەوپەڕی دڵخۆشیدابووە، چووەتە لای یاریزانەکان لە یاریگەدا و لە باوەشی کردوون و پیرۆزبایی لێکردن، بەڵام فۆرت خۆی لە سڵاوکردن لە راهێنەرەکەی دزیوەتەوە و لە باوەشی نەکردووە، ئەوەش وای لە فلیک کردووە، خۆی بەشوێنیدا بگەڕێت و بەگوێیدا بچرپێنێت، بێئەوەی روون ببێتەوە چی پێگوتووە".
 
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، "فلیک و یاریدەدەرەکانی بەر لە یارییەکە، بەڵێنیان بەو یاریزانە داوە کە هەلی یارییکردنی لە یارییەکەدا پێ بدەن، بەڵام ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و یەکلانەبوونەوەی ئەنجامی یارییەکە تاوەکو دوایین خولەک، وایانکردووە راهێنەر پلانەکەی بگۆڕێت و ئەو یاریزانە نەباتە نێو یارییەکەوە".
 
بەپێی سەرچاوەکان، "فیران تۆرێسیش لای خۆیەوە زۆر تووڕەبووە کاتێک لە گێمی دووەمدا براوەتە دەرەوەی یاریگە، لە کاتێکدا گۆڵێکی تۆمارکردووە و لە هەموو هێرشبەرانی دیکەی یانەکە چالاکتربووە لە یارییەکەدا، بەڵام ئەوە لەوە تێنەگەیشتووە بۆچی دانیشێنراوە، هەر بۆیە بەتووندی لەتۆپێکی سەر یاریگەی یارییەکەی داوە، هەروەها پاڵی بە مارکۆس سۆرجی یاریدەدەری فلیکەوە ناوە، کاتێک هەوڵیداوە ئارامی بکاتەوە".
 
کێشەکانی ژووری جلگۆڕین بەڕووی فلیکدا تەقیونەتەوە، ئەمە ناونیشانی میدیاکانە بۆ رووداوەکانی پاش یارییەکە. ئەو سەرچاوانە دەڵێن، رووداوەکان لە کاتێکدایە کە تەنیا مانگێک لەبەردەم یانەکەدا ماوە بۆ ئەوەی سیانەیەکی مێژوویی دیکە بەدەست بهێنێت و رووداوەکانی ئەم کاتە، کێشە لە تیپەکەدا دروستدەکەن.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەوەی هیچ جێگەی گومان نییە ئەوەیە کە "راهێنەری یانەکە بەنیاز نییە پاشەکشە لە بۆچوونەکانی بکات، ئەو دەزانێ کێ توانای ئەوەی هەیە یاریزانی سەرەکی بێت و کێ یەدەگ بێت".
 
بارسێلۆنا، سبەی لە یارییەکی دیکەی لالیگادا بەرامبەر ریال مایۆرکا یارییدەکات و شەممەی داهاتووش لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە