تۆپی پێی ئەرجەنتین ئەفسانەیەکی لەدەستدا

21-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هوگۆ گاتی کۆچی دوایی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

بەپێی هەواڵێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور CONMEBOL، هوگۆ گاتی گۆڵپارێزی ئەفسانەیی ئەرجەنتینی، کە بە "گۆڵپارێزە شێتەکە" ناسراو بوو، ئەمڕۆ دووشەممە لە تەمەنی 80 ساڵیدا کۆچی دواییکردووە.
 
گاتی دوو مانگ لەمەوبەر بەهۆی شکانی قاچییەوە لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو، بەڵام لەو کاتەوە تووشی هەوکردنی سییەکان، گورچیلە و کێشەی دڵ بوو؛ ئەمەش بووە هۆی گواستنەوەی بۆ بەشی چاودێری چڕ، پێش ئەوەی گیان لەدەستدانی رابگەیێنرێت.
 
ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین پێشتریش تووشی چەندین کێشەی تەندروستی تووند بووبوو، لەوانە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەساڵی 2020، لەو ماوەیەدا دۆخی تەندروستی ناجێگیر بوو، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر لە چارەسەرکردن چاکبووەوە.
 
لەساڵی 2024 گاتی گورزێکی گەورەی بەرکەوت، کاتێک ناچا نۆداری هاوژینەکەی کۆچی دواییکرد، کە زیاتر لە 50 ساڵ بوو ژیانی هاوژینی لەگەڵیدا پێکهێنابوو.
 
گاتی خاوەنی ژمارەی پێوانەیی زۆرترین یارییە لە خولی ئەرجەنتین، کە لە نێوان ساڵانی 1962 بۆ 1988 زیاتر لە 765 یاری ئەنجامداوە، لەتەمەنی 44 ساڵیشدا هێشتا گۆڵپارێزی سەرەکی یانەی بۆکا جونیۆرزی ئەرجەنتینی بوو.
 
گاتی بە یەکەم گۆڵپارێز دادەنرێت کە بەوە ناسرابوو کە هەمیشە لە هێڵی سزایەکەی دەردەچوو، زۆرجار تاوەکو ناوەڕاستی یاریگا دەڕۆیشت.
 
گاتی بۆ هەردوو یانە زەبەلاحەکەی ئەرجەنتین، بۆکا جونیۆرز و ریڤەرپلەیت یاری کردووە، هەروەها نازناوی ژمارەیەک پاڵەوانێتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.
 
گاتی لە ساڵی 1977 لەگەڵ یانەی بۆکاجونیۆرز نازناوی جامی لیبێرتادۆرێسی بردەوە و بڕیاربوو گۆڵپارێزی سەرەکی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بێت لە مۆندیالی 1978 کە لەسەر خاکی ئەرجەنتین بەڕێوەچوو، و تانگۆ نازناوەکەی بردەوە، بەڵام بەهۆی پێکانەوە لە ئەژنۆیدا چەند مانگێک پێش پاڵەوانێتییەکە دوورکەوتەوە.
 
گاتی بەوە ناسراو بوو کە زۆر دژی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی بوو، ئەو هەمیشە لە لێدوان و هەڤپەیڤینەکانیدا دەیگووت "مێسی باشترین یاریزانی مێژوو نییە، مارادۆنایە". هەروەها هەمیشە دەیگووت "کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە لیۆنێل مێسی باشترە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە