رووداو دیجیتاڵ
دەستەڵاتدارانی وەرزشیی سعودیە لە هەوڵدان پاڵەوانێتی جامی شا سەلمان بکەنە پاڵەوانێتییەکی فەرمی بۆ ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببێتە خاوەنی یەکەم نازناوی فەرمی لەگەڵ یانەی نەسڕ، کە تاوەکو ئێستا هیچ نازناوێکی لەگەڵ ئەو یانەیە نەبردووەتەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانەی پۆرتوگالی، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، چاوەڕێی دیارییەکی چاوەڕواننەکراوە، کە پەیوەندی بەو ئەنجامانەوە هەیە کە لەلایەن لیژنەی پڕۆژەی بەدۆکۆمێنتکردنی مێژووی تۆپی پێی سعودییەوە ئاشکرا دەکرێت، پڕۆژەیەک کە لەم دواییانەدا مشتومڕێکی بەرچاوی بەدوای خۆیدا هێناوە.
تیمی پڕۆژەی بەدۆکۆمێنتکردنی مێژووی تۆپی پێی سعودیە ئامادەکاری دەکات بۆ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی پڕۆژەکە لە کۆبوونەوەی گشتیدا، کە لە مانگی نیسانی ئێستادا بەڕێوەدەچێت. چاوەڕوان دەکرێت ئەو راگەیاندنە چەندین سوپرایزی هەبێت.
میدیای سعودیە ئاشکرایکرد کە پێشبینی دەکرێت ئەنجامی کارەکانی تیمی پڕۆژەی بەدۆکۆمێنتکردنی مێژووی تۆپی پێی سعودیە رۆژی سێشەممە 22ـی4ـی2025 رابگەیێنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، راگەیاندنی ئەنجامی پڕۆژەی بەدۆکۆمێنتکردنی مێژووی تۆپی پێی سعودیە بەندە بە تەمەنی پێشبڕکێکان و ژمارەی وەشانەکان، زیاتر و کەمتر نابێت.
ئەوەی تایبەتە بە یانەی نەسڕ، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاری بۆ دەکات، ژمارەی نازناوەکانی بەدرێژایی مێژووی یانەکە دەگاتە 46 پاڵەوانێتی، لەکاتێکدا ئاشکرایکردووە کە جامی شا سەلمان (پاڵەوانی عەرەبی) کە تیپەکە لەساڵی 2023 بەسەرکردایەتی رۆناڵدۆ بەدەستیهێناوە، وەک پاڵەوانێتییەکی فەرمی لە مێژووی یانەکەدا پەسەندکراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە دۆن نازناوێکی فەرمی لەگەڵ یانەی نەسڕ بەدەستهێناوە، کە ئەمە دەبێتە دیارییەکی نایاب و ناوازە بۆ دۆن، چونکە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی دەکات.
بەدۆکۆمێنتکردنی نازناوەکان بەندە بە دەنگەکانی ئەنجوومەنی گشتی، لەگەڵ لیژنەکانی دیکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عەرەبی و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بۆ کۆکردنەوە و ژماردنی وردی پاڵەوانێتییەکان، لەنێویاندا پاڵەوانێتییەکانی خولی سعودیە.
63 یانە ئەو مەرج و پێناسەیانەیان پەسەند کرد کە لە راپۆرتی کۆتاییدا هاتووە، کە پێشتر بۆ یانەکان نێردرابوون، تەنیا یانەی شەباب رەتیکردووەتەوە.
یانەی نەسڕ بەکۆکردنەوەی 57 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندیی خولی رۆشنی سعودی گرتووە و بە 4 خاڵ لەدوای هیلالی خاوەنی پلەی دووەم و 8 خاڵ لە دوای ئیتیحادی پێشەنگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ