فیفا هەڕەشە لە یانەکان دەکات

07-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مۆندیالی یانەکان فیفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ، هەڕەشەی لە یانە بەشدارەکانی مۆندیالی یانەکان کردووە و مەرجی داناوە لەسەریان کە بەهێزترین پێکهاتەی خۆیان ببەنە مۆندیالەکە.
 
بڕیارە هاوینی داهاتوو، بەبەشداریی 32 یانە لە شەش کیشوەری جیاواز، وەشانی یەکەمی مۆندیالی یانەکان بەڤێرژنی نوێ لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت. پاڵەوانێتییەکە رۆژی 15ی مانگی شەشی داهاتوو دەستپێدەکات.
 
رێکخستنی مۆندیالی یانەکان، بەشێوازێکی نوێ و فراوانکردنی تیپە بەشدارەکان تێیدا، گلەیی و گازندە و ناڕەزایەتی زۆری یانەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە. یانەکان پێیانوایە پاڵەوانێتییەکە هیچ زیادەیەک ناخاتە سەر دۆخی ئەوان، لە کاتێکدا ماندووێتییەکی زۆر رووبەڕووی یاریزانەکانیان دەکاتەوە.
 
دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان، پاش چەند رۆژێکی کەم لە بەڕێوەچوونی گەڕێکی دیکەی یارییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت کە بڕیارە لە 2 تاوەکو 9ی مانگی شەش ئەنجام بدرێت، لە نێویدا، پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026ی هەڵبژاردەکان لە ئەمریکا.
 
میدیای ئینگلیزی، هەست بەگوشاری زۆر دەکەن لەسەر یاریزانانی هەڵبژاردەکەیان بەهۆی مۆندیالی یانەکانەوە، چونکە هەریەکە لە کایڵ واکەر، جۆن ستۆنز، فیل فۆدن، جاک گریلیش، ریکۆ لویس، هاری کەین، جود بێلینگهام و کۆنۆر گالاگێر، لەگەڵ یانەکانیان بەشداریی لە مۆندیالەکەدا دەکەن.
 
فیفا هۆشداری داوەتە یانە بەشدارەکان و هەڵبژاردەکان، کە دەبێ رێگە بەبەشداری یاریزانەکانیان لە مۆندیالی یانەکان بدەن.
 
پێشتر دەستەی یاریزانانی پیشەگەر و چەندین رێکخراوی دیکەی وەرزشی، هەڕەشەی پەنابردنە بەر دادگایان لە فیفا کردبوو، بەهۆی زۆربوونی ژمارەی یارییەکانەوە لە هاویندا.
 
لە بەرامبەر فیفا هۆشداریی داوەتە یانەکان و ئاگاداری کردوونەتەوە، هەر یانەیەک کە پێشتر سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی یانەکان مسۆگەرکردووە، ئێستا پاشەکشە بکات، بەبڕی 220 هەزار پاوەند سزا دەدرێت و ئەگەر یانەیەک لە ناوەڕاستی مانگی پێنجی داهاتوو بەدواوە پاشەکشە بکات، بڕی سزاکەی فیفا لەسەری دەبێتە 450 هەزار پاوەند.
 
فیفا لە بەرامبەردا ئاسانکارییەکی تایبەتی بۆ یانە بەشدارەکانی مۆندیالەکە کردووە بەوەی رێگەیان پێدەدات، بازاڕێکی گواستنەوەی تایبەتیان هەبێت لە ماوەی نێوان یەک تاوەکو 10ی مانگی شەشی ساڵی داهاتوو، لەبری ئەوەی تەنیا لە 30ی هەمان مانگدا بتوانن گواستنەوەی یاریزانان ئەنجامبدەن.
 
مۆندیالی یانەکان، کە 32 یانەی جیاواز بەشداریی تێدا دەکەن، چەندین یانەی گەورە بەشداریکردنیان تێدا مسۆگەرکردووە، لە نێویاندا، ریال مەدرید، بایرن میونشن، ئاتلێتیکۆ مەدرید، چێڵسی، مانچێستەر سیتی، بۆرووسیا دۆرتمۆند، ئینتەر مەیامی، پاریس سانجێرمان، ئینتەرمیلان، ریڤەرپلەیت، پالمێراس، بۆکاجۆنیۆرد و یوڤێنتوس و چەندین یانەی دیکەش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە