ئەمشەو یۆرۆپالیگە مانچێستەر یونایتد ئەرکی قورسە

10-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مانچێستەر یونایتد لیۆن یۆرۆپالیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یارییەکانی چوونی قۆناخی هەشتی یۆرۆپالیگ دەستپێدەکەن و چوار یاریی بەڕێوەدەچن، یاریی لووتکەی ئەم قۆناخە لەنێوان هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی و لیۆنی فەرەنسی دەبێت.
 
لە یاریی چوونی قۆناخەکەدا، ئەمشەو هەردوو تیپ لە فەرەنسا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر بردنەوەی ئەنجامێکی باش دەکەن بۆ ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا خۆیان بگەیێننە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
مانچێستەر یونایتد دوای یەکسانبوونی لە دێربیی مانچێستەردا لە پرێمەرلیگدا، دەیەوێت لە یۆرۆپالیگدا هەنگاوێکی دیکە بچێتە پێشەوە، سەرەڕای ئەوەی یاریی یەکەمیان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان دەبێت.
 
هەردوو یانە پێشتر چوار یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، مانچێستەر یونایتد دوو یاریی بردووەتەوە و دوو یارییەکەی دیکەشیان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە و لە دوای ساڵی 2008ـەوە یەکەمجارە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
لیۆن لەسەر ئاستی ناوخۆی فەرەنسا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی لیگ وەنە و دوو خاڵ لە پلەی سێیەمەوە دوورە.
 
پێنجشەممەی داهاتوو یاریی گەڕانەوە لە ئۆڵدترافۆرد دەکرێت، یەکێک لە هەردوو یانەکە دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگ.
 
جگە لەو یارییە سێ یاریی دیکە بەڕێوەدەچن، یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت یاری دەکات، یانەی گلاسکۆ رێنجەرزی سکۆتلاندی میوانداریی یانەی ئاتلێتیک بیلباو دەکات و لازیۆی ئیتاڵی دەبێتە میوانی یانەی بۆدۆ گلیمتی نەرویجی.
 
یارییەکانی ئەمشەوی یۆرۆپالیگ بەمشێوەیە دەبن
 
بۆدۆ گلیمت - لازیۆ 19:45
لیۆن - مانچێستەر یونایتد 22:00
گلاسکۆ رێنجەرز - ئاتلێتیک بیلباو 22:00
تۆتێنهام - ئینتراخت فرانکفۆرت 22:00

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە