لیڤاندۆڤسکی: بردنەوەی باڵۆن دۆر لە بارسێلۆنا ئاسانترە لە بایرن میونشن

20-09-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندی و هێرشبەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەڵێت " لە رۆژی یەکەمی هاتنم بۆ بارسێلۆنا هەست دەکەم، لە کاتێکی گونجاودا لە شوێنێکی گونجاوم."
 
لیڤاندۆڤسکی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی دەڵێت " شانازی بە یارییکردن بۆ بارسێلۆناوە دەکەم، پێشبینیم نەدەکرد هاندەرانی بارسێلۆنا بەم ماوەیە کەمە و بەم خێراییە بە ناوی منەوە گۆرانی بڵێن، هەموو ئەمە وام لێدەکات کە هەستبکەم ماوەیەکی زۆرە لە یانەکەم."
 
هێرشبەرە پۆڵەندییەکە دەڵێت " ئێستا بە ئیسپانییەکی باشتر قسەدەکەم، دەتوانم داوای خواردن بکەم، لەگەڵ کلتور و داب و نەریتی شارەکە و بارسێلۆنا بەشێوەیەکی گشتی رادێم."
 
لیڤا هێشتا قسەیکرد و گوتی " پێدری، گاڤی، فاتی و فێران، زۆرجار پرسیارم لێدەکەن و بەبەردەوامی قسەدەکەن، من ئەزموونی خۆمیان لەگەڵ بەشدەکەم، چونکە دەبینیم چەند بەخێرایی لەگەڵ یانەکە بەشدەکەم."
 
لەبارەی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ یانەی بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگدا، لیڤاندۆڤسکی دەڵێت " یارییەک بوو نەدەبووایە بدۆڕێین، پێویستبوو یارییەکە ببەینەوە، یان بەلای کەمەوە یەکسابین، بەڵام وانەی لێ وەردەگرین بۆ کۆتایی وەرز."
 
هێرشبەری پێشووی یانە ئەڵمانییەکە باس لە پێشوازیی یانە باڤارییەکە دەکات و رایگەیاند " من لە فیکە لێدان نەدەترسام، چونکە هەندێک کەس لەنێو شەقامەکاندا لە میونشن بینی دوای ئەوەی چوومە بارسێلۆنا، بیستم کە ئەوان چیان لەبارەی منەوە دەگوت و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کردم، هاندەرانی بایرن زۆر ئازان، دەتوانن جیاوازیی نێوان راستی و دەنگۆ بکەن، ئەوان دەزانن تۆ کێیت، چیت کردووە، چۆن رەفتارتکردووە و چیت گوتووە."
 
رۆبێرت دەڵێت " کاتێک چوومە نێو ئالیانز ئارێنا، هەستێکی نامۆم هەبوو، چوومە ژووری جل گۆڕین و لە نیوەی دیکەی یاریگە خۆم گەرمدەکردەوە، ئەمە شتێکی نامۆ بوو."
 
لیڤاندۆڤسکی گوتی " لەو یارییەدا هەندێک هەڵەمان کرد و گۆڵی یەکەممان لێکرا، دوای ئەوە دەمانویست ئەنجامەکە یەکسانبکەینەوە، بەڵام گۆڵی دووەمیشمان لێکرا."
 
لەو هەڤپەیڤینەدا هێرشبەرەکەی پۆڵەندا دەڵێت " دەزانم ئەو یاریزانانەی باڵۆن دۆریان بردووەتەوە یاریزانی بارسێلۆنا بوون، رێگەی گەیشتن بەبردنەوەی باڵۆن دۆر لە بارسێلۆنا نزیکترە وەک لە بایرن میونشن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە