رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان، وەڵامی لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق دەداتەوە، کە داوای روونکردنەوەی کردبوو سەبارەت بە پرسی هەڵوەشاندنەوەی دەستەی کارگێڕیی پێشووی یانەی هەولێر و دانانی دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی یانەکە.
لە رۆژانی رابردوودا، ماوەی یاسایی دەستەی کارگێڕیی کاتیی یانەی هەولێر کۆتاییهات و دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ناکرێت ئەوانە بەردەوام بن لە بەڕێوەبردنی یانەکە، بەڵام سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش لە وەزارەتی رۆشنبیری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سێ مانگ ماوەی دەستەی کارگێڕیی کاتیی یانەی هەولێر درێژ دەکەنەوە بۆ ئەوەی کارەکانی خۆیان بکەن، بەڵام ئەگەری هەیە بەر لە تەواوبوونی ئەو ماوەیە هەڵبژاردنەکان بکرێن و دەستەیەکی کارگێڕیی فەرمی بۆ یانەکە هەڵبژێرن".
لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق داوای روونکردنەوە لەسەر ئەو بابەتەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان کردووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش، تایبەت بە رووداوی راگەیاند کە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە وەڵامی داواکاریی لیژنەی ئۆڵیمپی عێراقی داوەتەوە و بە بەڵگەوە بۆی روونکردووەتەوە کە دەستەی پێشووی کارگێڕیی یانەی هەولێر بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی زۆربەی ئەندامانی، رێژەیی یاسایی نەمابوو.
ئەو سەرچاوەیە زیاتر، گوتی "لەبەرئەوەی یانەی هەولێر بەشدارە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، دەبووایە دەستەیەکی کاتی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی کارەکانی یانەکە رابپەڕێنن".
چاوەڕێ دەکرێت لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق، دوای ئەو روونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش، بڕیارێک لەو بارەیەوە بدات، کە پێدەچێت رێگە بە درێژکردنەوەی ماوەی دەستەی کاتی بدات.
بەبڕی لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق، کارەکانی کارگێری و دارایی یانەی هەولێر راگیراون و تاوەکو پرسەکە چارەسەر نەکرێت، کار بە واژۆکانی سەرۆکی ئێستای یانەی هەولێر ناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ