یاریی عومان و عێراق کێشەی تێکەوت

19-11-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردیە عومان هەڵبژاردەی عێراق پاڵاوتنی مۆندیال
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا چەند کاژێرێکی دیکە، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 هەردوو هەڵبژاردەی عومان و عێراق رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بەڵام بەر لە یارییەکە کێشە دروستبووە و هاندەرانی عێراق ناڕازین.
 
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عومان رایگەیاندووە، چوونە ژوورەوەی هاندەرانی وڵاتەکەیان بۆ نێو یاریگە بێبەرامبەرە و ئەمڕۆ هاندەرانی ئەو هەڵبژاردەیە بەلێشاو چوونە بەردەم بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە بۆ ئەوەی بلیتی یارییەکە وەربگرن.
 
لە بەرامبەر 6 هەزار هاندەری عێراقی چوونەتە مەسقەت بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە یاریگەدا ئامادەبن، بەڵام تەنیا 2300 بلیت بۆ هاندەرانی هەڵبژاردەکە دابینکراوە و هاندەرانیش لەو ژمارەیە ناڕازین.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عومان راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "رێککەوتنی پێشوەختەمان هەیە لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی عێراق کە لە 8٪ ی کورسییەکانی یاریگە بۆ هاندەرانی هەڵبژاردەی میوان دەبێت و ئەگەر هەر هەڵبژاردەیەک زیادەی بوێت دەبێت زووتر داوا بکات، بەڵام هەڵبژاردەی عێراق دواکەوت لە داواکردنی بلیتەکان و ئەو کاتە هەموو بلیتەکان دراونەتە هاندەرانی هەڵبژاردەی عومان."

 



فیدراسیۆنەکە زیاتر دەڵێت "داوا لە هاندەرانی عێراق دەکەین تەنیا ئەو بەشەی کە بۆیان داندراوە لەوێ بکڕن و ئەگەر لە بەشی هاندەرانی عومان بکڕن و ناتوان بچنە نێو یاریگەوە، چونکە بلیتی هاندەرانی هەڵبژاردەی عومان بێبەرامبەرە و داوادەکەین هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق خۆیان لە سەرچاوەی نا فەرمی و نەناسراو بپارێزن."
 
ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق لەبەردەم بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عومان کۆبوونەتەوە و داوای چارەسەرکردنی کێشەکە دەکەن، مەهدی کەرخی، سەرۆکی دەستەی هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "دەبێت هەموو هاندەرانی عێراق بچنە نێو یاریگە وەکو چۆن ئێمە لە بەسرە پێشوازیمان لە هاندەرانی عومان کرد، تاوەکو یەک هاندەریش لە دەرەوەی یاریگە مابێت من ناچمە ژوورەوە."



ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:00 لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، هەڵبژاردەی عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان یاری دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە