رووداو دیجیتال
رۆدی گارسیا، راهێنەری یانەی لیۆنی فەرەنسی دووپاتیکردەوە کە بە هەموو هێزێکیان هەوڵدەدەن بۆ بردنەوە لە بایرن میونشنی ئەڵمانی و گوتی "هەوڵدەدەین ئاستێکی باشتر لەوەی تاوەکو ئێستا پێشکەشمان کردووە لە بەرامبەر بایرن میونشن نیشانی بدەین".
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی لیۆنی فەرەنسی و بایرن میونشنی ئەڵمانی لە پۆرتوگال یاری پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەنجام دەدەن و براوەیان یاریی کۆتایی لەگەڵ پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەکات.
رۆدی گارسیای راهێنەری یانەی لیۆن، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی یارییەکە قسەی کرد و لەبارەی یارییەکەوە گوتی "دەتوانی گۆڕانکاری بەسەر تیپەکەدا بێنی، دەتوانی گۆڕانی سەرکەوتووش لە یارییدا بکەی، کەواتە گرنگ نییە کام یاریزان دەستپێدەکات، گرنگ ئەنجامی کۆتایی یارییەکەیە".
گارسیا هەروەها گوتی "پێنج یاریزان دەستپێدەکەن، دواتر بە پێنجی دیکە دەگۆڕدرێن، هەمووان ئاستێکی هاوسەنگ پێشکەش دەکەن، بە هەموو هێزێکمان بەرامبەر بایرن میونشن یاری دەکەین، بێگومان هەوڵدەدەین ئاستێکی باشتر لەوەی تاوەکو ئێستا پێشکەشمان کردووە لە بەرامبەر بایرن میونشن نیشانی بدەین".
راهێنەری یانەی لیۆن، لەبارەی ئاستی یانەی بایرن میونشنەشەوە، گوتی "ئێمە گرنگی بە ئاست و ئەنجامەکانی بایرن میونشن نادەین".
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "بایرن میونشن تیپێکی تەواو و بێ کەموکوڕییە، بەڵام بەر لەوەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاری بکەین، ئەگەر سەیری ئامارەکانی ئەو یانەیەت کردبا دەتگوت مەحاڵە شکست بەو تیپە بهێندرێت، ئێستا بۆ بایرن میونشنیش هەمان شتە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ