رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ دوایین یاریی خۆی لە رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی عێراق ئەنجامدەدات، دەیەوێت بەبردنەوە کۆتایی بە خولەکە بهێنێت.
کاژێر 17:00 لە رکابەرییەکانی گەڕی 38 و دوایین گەڕی خولەکەدا، یانەی زاخۆ لەنێو یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی نەفتی میسان یارییدەکات، یانەکەی باشووری کوردستان دەیەوێت بەبردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە کۆتایی بە رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولەکە بهێنێت.
تەها عەبدولحەکیم، سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت " تیپەکەمان بەباشی بۆ یارییەکە ئامادەیە و سەرجەم یاریزانەکان جگە لە لوکاس سانتۆس کە پێکانی هەیە بۆ یارییەکە ئامادەن و بە ورەیەکی بەرزەوە یارییدەکەین، بۆ ئەوەی لە دوایین گەڕدا هاندەرانمان دڵخۆشبکەین ".
یانەی زاخۆ لە شەش یارییدا بەرامبەر یانەی نەفتی میسان نەدۆڕاوە، دوایین دوو یاریی نێوانیان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە، لە ساڵی 2018 زاخۆ لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە نەفتی میسانی بردەوە.
زاخۆ لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 46 خاڵ، نەفتی میسان 40 خاڵی هەیە و لە پلەی پازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ