ڤیدیۆ؛ بایرن میونشن لەسەر شکستەکانی بەردەوامە

19-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
Photo by INA FASSBENDER / AFP
Photo by INA FASSBENDER / AFP
نیشانەکردن بایرن میونشن بوندێسلیگا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بایرن میونشن جارێکی دیکە تووشی شکست بوو، کە ئەمە سێ یارییە بەسەریەکەوە دەدۆڕێت.
 
دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک دەیانەوێت یەکەم بردنەوە تۆماربکەن و بە هێرشبردن دەستیانپێکرد.
 
دوای 14 خولەک جەمال موسیالا گۆڵێکی جوانی بۆ بایرن لە دژی بوخۆم تۆمارکرد و باڤارییەکان بە ئامانجی بەدەستهێنانی سێ خاڵ پێشکەوتن.
 
وەڵامی بوخۆم خێراتربوو لەوەی باڤارییەکان چاوەڕێیان دەکرد، لە خولەکی 38 تاکوما ئاسانۆ بەلێدانێکی بەهێز نویەری سەرسامکرد و گۆڵی یەکسانبوونی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
 
بوخۆم بەردەوامبوو لە شۆککردنی بایرن میونشن، لە خولەکی 44 کێڤێن شولتەربێک بەلێدانی سەر یانەکەی کردە خاوەنی گۆڵی دووەم و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی بوخۆم تەواو بوو.
 
رووداوەکانی یاریی لازیۆ دووبارەبوونەوە، ئەمجارەش دایۆت ئۆپامیکانۆ لێدانی سزای لەسەر گیرا و بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و توخێل دووش داماوە.
 
کێڤێن شتۆگێر سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد، بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی مانوێل نۆیەری هەژاند.
 
هاری کەین دوای سێ یاری بێدەنگیی شکاند و گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام بایرن بە دوو گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ دۆڕا و هەفتەیەکی پڕ لە خەم و ئەنجامی خراپی بەڕێکرد و سێ خاڵی دیکەی لەدەستدا و نە یاریزانەکان چارەسەریان پێیە و نە هاندەران هیوایەکیان ماوە بۆ رکابەریکردن.
 
لە یارییەکی پڕ گۆڵدا فرایبۆرگ میوانداریی ئینتراخت فرانکفۆرتی کرد، دوای 27 خولەک عومەر مەرمووش گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئینراخت تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا سێ خولەک ریتسو دوانی ژاپۆنی قسەی خۆی کرد و ئەنجامەکەی بۆ فرایبۆرگ یەکسانکردەوە.
 
پێنج خولەکی دیکە تێپەڕی و ئانسگار ناوف، گۆڵی دووەمی ئینتراخت فرانکفۆرتی تۆمارکرد و جارێکی دیکە یانەکەی پێشخست.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم لێدانێکی سزا بۆ فرایبۆرگ هەژمارکرا، ڤیچێنزۆ گریفۆ سەرکەوتووانە جێبەجێیکرد و ئەنجامەکەی راستکردەوە، نیوەی یەکەم بە یەکسانبوون کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 71 ئانسگار ناوف، بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی ئینتراخت فرانکفۆرتی تۆمارکرد و جارێکی دیکە یانەی میوانی پێشخست.
 
خولەکی 89 بۆ جاری شەشەم لە یارییەکەدا تۆڕ هەژێنرا، ئەمجارە میشایل گرێگۆرتیچ گۆڵی یەکسانبوونەوەی ئەنجامەکەی بۆ فرایبۆرگ تۆمارکرد.
 
یارییەکە بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک بە یەکسانبوون کۆتاییهات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە