دانی ئەلڤێش کارێکی نوێ دەستپێدەکات

18-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن دانی ئەلڤێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دانی ئەلڤێشی بەرگریکەری پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، پاش هاتنە دەرەوە لە بەندیخانە، کارێکی نوێی دەستپێکردووە.
 
ئەلڤێش، کە بەر لە نزیکەی دوو ساڵ، بەتۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ئافرەتێک دەستگیرکرا، پاش نزیکەی ساڵێک مانەوە لە بەندیخانە بەدەستەبەری یەک ملیۆن یۆرۆ ئازادکرا.
 
ئەلڤێش بڕیاریداوە کارێکی نوێ دەستپێبکات کە بریتییە لە رێکخەری بۆنە و ئاهەنگەکان.
 
ئەلڤێشی 41 ساڵ، یەکێکە لەو یاریزانانەی زۆرترین نازناوی وەک یاریزان بەدەستهێناوە. ماوەی نزیکەی ساڵێک لە بەندیخانەدا مایەوە، پاشئەوەی لە مانگی دوانزەی 2022 بەتۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتێک لە یانەیەکی شەوانە بەندکرا و مانگی سێی ئەمساڵ بەمەرج ئازادکرا.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، دانی ئەپڵیکەیشنێکی نوێی دروستکردووە بۆ رێکخستنی ئاهەنگ و بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمە یەکەم کارە ئەو یاریزانە لە پاش هاتنە دەرەوە لە بەندیخانە دەیکات.
 
میدیاکان دەڵێن، ئەلڤێش لەسەرەتادا کار لەسەر نێوخۆی بەرازیل دەکات و پاشان چاوی لەوەیە سنووری کارەکەی بۆ دەرەوەی بەرازیل بگوازێتەوە.
 
پاش هاتنە دەرەوەی لە بەندیخانە، ئەلڤێش ماوەیەک لە رێگەی هەندێک ئەپلیکەیشنەوە، کاری لە بواری رێکخستنی یاری بۆ ئارەزوومەندان و یاریی نافەرمی دەکرد.
 
تاوەکو ئێستا، ئەلڤێش دەبێ هەموو رۆژانێکی هەینی بچێتە بەردەمی دادگا لە بارسێلۆنا، تاوەکو بەردەوام مانەوەی خۆی لە شارەکەدا بۆ دادگا دووپات بکاتەوە.
 
ئەلڤێش بەپێی بڕیاری دادگا و بەهۆی تۆمەتبارکردنی لە دۆسێی دەستدرێژییە سێکسییەکە، دەبوو ماوەی چوار ساڵ و نیو لە بەندیخانە بمێنێتەوە، بەڵام بەدەستەبەری یەک ملیۆن یۆرۆ ئازادکراوە و بۆی نییە لە ئیسپانیا بچێتە دەرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە