رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئەهلی میسری, لە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەفریقا، شکستێکی گەورەی بە یانەی کایزەر چیفزی ئەفریقای باشوور هێنا و بۆ جاری دەیەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی ئەفریقا.
هەردوو یانە لەسەر یاریگەی محەممەدی پێنجەم لە دارولبەیزا لە مەغریب رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و یانەی ئەهلی سوودی لە دەرکردنی یاریزانێکی تیپی رکابەری بە کارتی سوور وەرگرت و 3 - 0 لێیبردەوە، کە سەرجەم گۆڵەکان لە نیوەی دووەمدا تۆمارکران.
یانەی ئەهلی بەم سەرکەوتنە، جارێکی دیکە سەلماندی کە یەکێکە لە دیارترین و بەنێوبانگترین یانەکانی جیهان و خاوەنی زۆرترین نازناوی کیشوەرییە لەدوای ریال مەدریدی ئیسپانی.
ئەم دەستکەوتەی یانەی ئەهلی بووە جێگەی بایەخی میدیای جیهانی و زۆر لە لایەن و کەسایەتییە وەرزشییە بەنێوبانگەکان، کە پەسنی یاریزانانی ئەو یانەیان دا و پیرۆزباییان لێکرد بە بۆنەی ئەو دەستکەوتەوە، کە دوو ساڵە بەسەریەکەوە دەیباتەوە.
هەر بەم بۆنەیەوە چەندین یانەی ئەفریقا و ئەوروپاش پیرۆزباییان لە یانەی ئەهلی کرد، لەوانەش بایرن میونشنی ئەڵمانی و چێڵسی ئینگلیزی، کە ئەمەی دوایی پاڵەوانی ئەوروپایە و لە تویتێکدا بۆ ئەهلی نووسیووە "پیرۆزە، لە مۆندیالی یانەکان یەکدی دەبینینەوە".
یانە پاڵەوانەکەی میسر، بە بردنەوەی ئەم نازناوە، چەندین ئامار و ریکۆردی نوێی تۆمارکرد:
ــ ئەهلی دووەم یانەیە لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین نازناوی کیشوەری بباتەوە، لە دوای ریال مەدریدی ئیسپانی، ئەهلی 23 نازناوی بردووەتەوە و ریال مەدریدیش خاوەنی 26 نازناوە لەسەر ئاستی کیشوەری.
ــ یانەی ئەهلی 7 جار بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا کردووە، کە لە ساڵانی 2006 و 2020 پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.
ــ ئەهلی 14 جار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەفریقا و 10 نازناوەکەی بردووەتەوە و 4 جاریش دۆڕاوە و نازناوەکەی لەدەستداوە.
ــ ئەهلی دووەمجارە بەسەریەکەوە دەبێتە پاڵەوانی ئەفریقا.
ــ یانەکەی میسر، دووجارە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەفریقا، بە ئەنجامی 3 - 0 دەباتەوە، کە جاری یەکەم لە ساڵی 2005 بوو بەرامبەر نەجم ساحلی تونسی بوو.
ــ وائیل جومعەی بەرگریکاری یانەی ئەهلی لەگەڵ یانە سوورپۆشەکەی میسر، بەشداری لە بردنەوەی 6 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەفریقا کردووە.
ــ محەممەد ئەبو تریکەی کاپتن و ئەستێرەی پێشووی یانەی ئەهلی، گۆڵکاری مێژوویی یارییەکانی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەفریقایە بە تۆمارکردنی 5 گۆڵ، هەروەها گۆڵکاری مێژوویی پاڵەوانێتییەکەشە، کە خاوەنی 28 گۆڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ