ڤیدیۆ؛ لە دوایین خولەکدا رۆناڵدۆ و نەسڕ بێهیوا کران

18-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئەلیکساندەر میترۆڤیچ
ئەلیکساندەر میترۆڤیچ
نیشانەکردن ئەلیکساندەر میترۆڤیچ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلال دۆڕاندنی لەم وەرزەی خولی سعودیەدا رەتکردەوە و لە دوایین خولەکدا لەگەڵ یانەی نەسڕی رکابەری سەرەکیی لە خولەکەدا یەکسانبوو.
 
لە گەڕی 32ـی خولەکەدا، دێربیی ریاز لە نێوان هەردوو یانەی نەسڕ و هیلال بەڕێوەچوو، تەنیا 22 چرکە تێپەڕی و ئۆتاڤیۆ بەلێدانێکی بەهێز تۆڕی یاسین بونۆی هەژاند، نەسڕ دەیەوێت ببێتە یەکەم یانە لەم وەرزەدا لە هیلال بباتەوە و رێگە نەدات بەبێ دۆڕان ببێتە پاڵەوانی خولی سعودیە.
 
هاندەرانی نەسڕ گڕیان گرت و یاریگەی ئەول پارکیان پڕ کرد لە ئاهەنگ.
 
لە خولەکی 11 کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەلێدانی سەر هەوڵیدا گۆڵی دووەم تۆماربکات، بەڵام بێ سوود بوو و تۆپەکەی چووە دەرەوەی یاریگە.
 
لە نیوەی دووەمدا، ئەلیکساندەر میترۆڤیچ هەموو هەوڵێک دەدات، بۆ ئەوەی وەڵامی نەسڕ بداتەوە و رێگە نەدا تیپەکەی بدۆڕێت، بەلێدانێکی سەر مەترسیی خستە سەر گۆڵی ئۆسپینا، بەڵام تۆپەکەی بەبێ ئەنجام چووە دەرەوە.
 
لە خولەکی 4ـی کاتی زیادکراودا، لێدانێکی سزا بۆ هیلال هەژمارکرا، سادیۆ مانێ و هەموو نەسڕ ناڕازییە.
 
ئەلیکساندەر میترۆڤیچ، سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد، لە دوایین ساتەکاندا دۆڕانی رەتکردەوە و دێربی بە یەکسانبوون کۆتاییهات، هیلال لەم وەرزەی خولی سعودیدا لە 32 یارییدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و یەکەم یانەیە لە مێژووی سعودیەدا لە وەرزێکدا 90 خاڵ کۆبکاتەوە.
 
هیلال پێشتر نازناوەکەی مسۆگەرکردووە، بەڵام دەیەوێت بەبێ ئەوەی هیچ یارییەک بدۆڕێنێت نازناوی خولەکە بباتەوە، دوو یاریی بەرامبەر هەریەکە لە یانەکانی تائی و وەحدە ماوە و ئەگەر لەو دوو یارییەدا نەدۆڕێت، یانەکە دەبێتە یەکەم یانە لە مێژووی خولی سعودیدا بەبێ ئەوەی هیچ یارییەک بدۆڕێنێت نازناوی خولی سعودیە بباتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە